KMMK:
ناوەندی هەواڵی KMMK بڵاویکردەوە، دوکتور زەکەریا مەهدەوی کوڕی عیزەتوڵا و خەڵکی گوندی ئاڵیاوای ساسڵ سەر بە شاری جوانڕۆ، سەرەتای مانگی گەڵاڕێزانی ٢٧٢٥ لە شیراز لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بەبێ فەرمانی دادوەری دەستبەسەر و دوای ١٥ ڕۆژ تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.
بە پێی سەرچاوەکانی لێکۆڵینەوەی KMMK، دوکتور مەهدەوی کە بە یەکێک لە “نابغە پزیشکییەکانی ئێران” وەسف کراوە، پێشتر لە ساڵی ٢٧١٩ لە کاتی نیشتەجێبوونی لە شاری کرماشان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و دوای یەک مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. کەسوکارەکەی دەڵێن، دوای ئەو دەستبەسەرکردنە، تووشی خەمۆکییەکی قورس بووە و چارەسەری دەرمانی بۆ کراوە.
سەرچاوەیەکی KMMK ئاگاداری کردەوە کە دوای دەستبەسەرکردنی ئەم دواییە، هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی دکتۆر مەهدەوی کردووە کە خۆیان لە پێدانی هیچ زانیارییەک سەبارەت بە بارودۆخی دکتۆر مەهدەوی بەدوور بگرن. سەرەڕای چەندین جار بانگەوازی بنەماڵە و نەبوونی هیچ وەڵامێکی فەرمی، دواجار تەرمی ئەم پزیشکە نوخبەیە کە بە سەختی سووتاوە، لە ١٥ی گەڵاڕێزانی ٢٧٢٥ لە شیراز دۆزرایەوە و ڕادەستی بنەماڵە کرا. بەپێی ئەم سەرچاوەیە، توندی سووتانەکە بەجۆرێک بووە کە ناسینەوە تەنها لەڕێگەی پشکنینی دی ئێن ئەیەوە دەتوانرا.
ئەم دۆسیەیە ئێستا وەک نموونەیەکی نوێ لە مردنی گوماناویی دەستبەسەرکراوان لە ئێران کەوتۆتە بەرچاوی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بە تایبەت کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەم بابەتە لە زیادبووندایە.
E.Sh


