ک.م.م.ک.:
بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، تەرمی سامان محەمەدی خیارە، زیندانی سیاسی کورد کە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی “موحارەبە” لە سێدارە درابوو، بە نهێنی بەخاک سپێردرا و بنەماڵەکەی لە بەڕێوەچوونی هەر ڕێوڕەسمێکی ماتەمینی قەدەغە کراوەن.
بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، بنەماڵەی سامان محەمەدی خیارە بۆ دواجار لە شاری سنەوە بە مەبەستی دیتنی تەرمی کوڕەکەیان بەرەو تاران گەشتیان کردووە و توانیویانە لە شوێنی ڕاگرتنی تەرم،سامان ببینن، بەڵام بەرپرسانی ئەمنیەتی ئامادە نەبوون تەرمەکەی ڕادەست بکەن و شەوانە بەخاکیان سپاردووە.
سەرچاوە ناوخۆییەکانی نزیک لەو بنەماڵەیە ڕایانگەیاندووە کە دەزگا ئەمنییەکان ڕاستەوخۆ هەڕەشەیان لە بنەماڵەی سامان کردووە کە خۆیان لە بەدووربگرن لە ڕێوڕەسمی پرسە یان ماتەمینی.
سامان محەممەدی خیارە، خەڵکی سنە، لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧١٠ی هەتاوی، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی، بە تۆمەتی “ئەنجامدانی شەڕ لە ڕێگەی ئەندامێتی لە گرووپێکی دژبەری ڕێژیم” دەستبەسەر و حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم حوکمە لە سەرەتادا لەلایەن دادگای باڵا هەڵوەشێنرایەوە و بۆ ١٥ ساڵ زیندانی کەمکرایەوە، بەڵام لە ساڵانی دواتردا و لەژێر فشاری دامەزراوە ئەمنییەکان، سزای لەسێدارەدانی دووپاتکرایەوە و بۆ جێبەجێ کردن ڕاگەیەندرا.
E.Sh