دەوڵەتی تورکیە بە مەبەستی پتر کردنی زەخت و گوشار، دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دێمۆکراتیکی گەلان لە بەندی (ژووری) بەندکراوانی ئەلقاعدە ڕادەگرێت.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، سەلاحدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی HDP و عەبدۆڵا زەیدان نوێنەری پاڕڵمانی HDP دەگوێزنەوە بۆ زیندانی تیپ ئێف لە ئادێرنە؛ دەگوترێت کە لەم بەندەدا بەندکراوانی ئەلقاعدە و زیندانیانی ئەمنیەتی ڕاگیراون.
هاوسەرۆکی HDP سەلاح دین دەمیرتاش و زەیدان عەبدۆڵا لە ڕێکەوتی ٤ی نوامبر لە هێرشێکی نوێدا لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغان دەستبەسەر کران، ئەم دوو نوێنەرەی کوردستان بۆ ماوەی ۱۲ ڕۆژە لە بەندیخانەدان. لەم شەپۆلە دەستبەسەرکردنە، نوێیەدا کە بە کودتای سیاسی ناوبانگی دەرکردوە، بەندکراوان لە ژووری تاکە کەسیدا بەند کراون.
بەند کردنی دەمیرتاش و زەیدان عەبدۆڵا لە بەندی زیندانیانی ئەلقاعدەدا، مەترسی گەورە لە سەر ژیانی ئەم دوو نوێنەرە کوردە درووس کردوە. سەلاح دین دەمیرتاش و زەیدان عەبدوڵا بە مەبەستی گواستنەوەیان، سەردانی بەرپرسی زیندانیان کردوە، بەڵام لە وڵامدا بەرپرسی زیندان دەڵێت؛ کە ئێمە لە ژیر فەرمانی وەزارەتی ئیتلاعەتداین و ئێوەش چاوەڕێی وڵامی داخوازیەکەتان بن.
سەبارەت بەم دۆخە نوێنەری پارڵمانی پارتی ئەردۆغان لە شاری ئەزمیر حسەین کجابیک لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نوسیویەتی؛ ئەگەر دژی بەرپرسانی پلە بەرزی دەوڵەت هێرشێک (سوءقصد) بکرێت، خەڵک هێرش دەبەن بۆ بەندیخانەکان و هەمو بەندکراوان و به ندکراوانی پ.ک.ک له سێدارە دەدەن.
ئەم کردەوانە و گوتەی دیکەی بەرپرسانی فەرمی و دەوڵەتی، دەوڵەتی تورک کە هێناویانەتە زمان، هەڕەشەیەکە بۆ کوشتنی نوێنەران و سیاسەتوانانی دیکەی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەکانی تورکیا، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لە ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک لە هەمبەر ئەم ڕەشە دەستبەسەریانەدا بکات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان