بە داخستنی کاری بەندوای «بازی دراز» ۲٥۰ کرێکار لە کرماشان دەچنە ڕیزی بێکارانەوە

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە ئەمڕۆ ۱۹ی خەزەڵوەر پڕۆژەی بەنداوی «بازی دراز» لە شارستانی سەرپێڵ زەهاو لە پارێزگای کرماشان ۲٥۰ نەفەر لە کرێکاران لە کار لادەبرێن و دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو کرێکارانە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە بەرپرسانی ئەم پڕۆژەیە ڕایانگەیاندوە بەهۆی ئەوەی وردە قەترەی نەوت لە ناو ئاوی ڕوبارەکەدا بینراوە کاری پڕۆژەکە ڕاگیراوە و هەر بۆیە ۲٥۰ کرێکار لەسەر کارەکەیان وەلا نراون.

پیویستە وەبیری بێینەوە بەهۆی بەنداو دروست کردنی بێ سەرەو بەرەو و دور لە بنەمای کارناسانەو نا ئیستاندارد، لەم چەن ساڵەی ڕابردودا خەسارێکی زۆری لە ژینگەی ڕۆژهەڵاتی داوەو بوە بە هۆی کەم بونی ئاوی ژێر زەوی و وشک بونی کانییەکان. کە ئەم دیاردەیە نمونەێیکی بچوکی ئەو خەسارە گەورەیە لە ژینگەی کوردستان کەوتوە.

زۆربەی ژینگە پارێزان لەو ئەو بڕوایەدان کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە گواستنەوەی ئاوی شیرینی کوردستان بۆ بەشە وشکارۆکانی ئێران، خەریکە ژێر بینای ژیانی هاووڵاتیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سست و لاواز بکات و بە بێکار کردنی خەڵکی ئەم دەڤەرەو هەژار هێشتنەوەیان و کۆچکردنیان بۆ شارە ناوەندییەکانی ئێران و گەڕان بەدوای کارو ژیاندا کورد لە گۆشەی شارەگەورەکاندا بتوێتەوە وبەو شێوەیە ڕەوتی ئاسمیلەکردنی کۆمەڵگای کوردەواری پەرە پێدەدات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان