ناڕوونی چارەنووسی محەممەد شەمس پاش دەستبەسەرکرانی لە لایان هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران

ک.م.م.ک:

بە گوێرەی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، چارەنووسی محەممەد شەمس هاووڵاتی تەمەن ٢١ ساڵان خەڵکی شارۆچکەی” قوتوور” سەر بە شاری خۆی و دانیشتووی شاری ساری، پاش تێپەڕبوونی ٢ مانگ لە دەستبەسەرکرانی لە لایان هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران هەروا بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بە پێی هەواڵەکە ئەو هاووڵاتییە لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێ بەش کراوە و تا ئێستا لە تۆمەتە پاڵخراوەکانی دژی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەر دەست دا نییە.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە محەممەد شەمس لە سەرەتاکانی مانگی ڕەزبەری ڕابردوو دا لە لایان هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران دەستبەسەر کراوە و لە ژێر ئەشکەنجەی بەزەبر دا ٤ ددانی شکاون.

ئەم سەرچاوانە پێیانەوە زیاد کرد کە، سیستەمی دادوەری حکوومەتی ئێران بۆ ئازادی کاتی ئەو هاووڵاتییە داخوازی دانانی بارمتەی قوڕسی کردوە بەڵام بنەماڵەکەی بۆیان نەڕەخساوە و ئێستا محەممەد شەمس لە بەندیخانەی تیرکەڵای شاری ساری دا ماوەتەوە.

بە گوێرەی لێدوانی ئەو سەرچاوانە دانیشتنی دادگای ئەو هاووڵاتییە نیزێکەی یەک حەوتوو لەمەوبەر بەڕێوە چوو و دادوەر بڕیاری ٦ساڵ بەندکرانی زۆرە ملی بۆ دەرکرد.

پێویستە ئاماژە بکرێت کە، محەممەد شەمس نەخۆشە، هێندێک لوو(تومور) لە جەستەی دا ڕواوە و پێویستە دەرمانی پێویست و تایبەت بخوات.

ع. ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *