KMMK:
یەکشەمە 21ـی سەرماوەزی 2721ـی کوردی، بە هۆی هێرش و تەقەی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری پیرانشار هاوڵاتییەک بەناوی “وستا قادر” خەڵکی پیرانشار گیانی لە دەست داو کەسێکی دیکە بەناوی “عەلی کۆسە” کوڕی فەقێ مینەی کۆسە بە خەستی بریندار بووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە رووداوەکە بۆ کۆمەڵی مافی مرۆڤی کوردستان دواوە و دەڵێت؛ چوار کاسبکار کە نێوی دووانیان لەسەرەوە هاتووە بە مەبەستی بەڕێکردنی مەڕ و ماڵات لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ باشوور لە کێوی ” زەویان” ـی سنووری پیرانشار دەکەونە بەر دەسڕێژ و کەمینی هێزە سنوورییەکان و وەک دەڵێن لە کاتی هەڵهاتی کاسبکارەکان، وەستا قادر و عەلی کۆسە دەکەونە بەر هێرشی قومپارەو هەر لەوێدا وەستا قادر گیانی لەدەست دەدات و عەلی کۆسە سەری تووشی قڵێشان دەبێت.
جێگای باسە، دوابەدوای رووداوەکە خەڵکی ناوچەکە تەرمی کاسبکاری کوژارو و هەروەها کەسە بریندارەکە دەیننەوە پیرانشار و دواتر کۆپتەری فریاگوزاری بەرەو ناوچەی رووداوکە دەفڕێت.
بەپێی گوتەی سەرچاوەکە؛ عەلی کۆسە رەوانەی نەۆشخانەی ورمێ دەکرێت.
هەروەها لە چارەنووسی دووکاسبکاری دیکە هیچ زانیارییەک بە دەستەوە نییە.
شایەنی باسە، هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیە ساڵانە دەبنە هۆی کوشتن و بریندار بوونی چەندین کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان و هەروەها بەهۆی تاڵانکردنی مەڕوو ماڵات و باری کۆڵبەرانەوە زەرەر و زیانی قورس دەدەن لەوکۆڵبەرانەی بۆ بژێوی ژیانیان روویان لە رێگای پڕ مەترسی کۆڵبەری لەناوچە سنوورییەکان کردووە.
م.ه


