گواستنەوەی دەستبەسەر کراوێک بۆ بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئازاد کردنی کاتی بەندکراوێک

KMMK:

پێنج شەممە 30 رێبەندانی 2720ی کوردی، شێرکۆ ئاگووشی لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەغەدە بە دانانی بارمتەی 500 ملوێن تمەنی نێردرایە پشوو.

شێرکۆ ئاگووشی، شارۆمەندی پیرانشاری لە رێکەوتی 9گەلاوێژی 2719ی کوردی پاش بریندار بوون لە لایەن ھێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراو و بە تۆمەتی ئەندام بوون لە یەکێک لە حزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ھەروەھا لە دۆسیەکەی خۆی سەبارەت بە تۆمەتی کردەوەی چەکداری و شەڕی چەکداری بۆسەر ھێزەکانی سپای پاسداران لێپرسینەوەی لێکراوە.

لەلایەکی ترەوە لە رۆژانی رابردوودا، شارۆمەندی دەستبەسەر کراوی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی« جەماڵ قاسمی» پاش تێپەڕاندنی قۆناغی لێپرسینەوە لە گرتوخانە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ بۆ بەندیخانەی کۆمار ئیسلامی ئێران لە شاری شنۆ گوازرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە، جەماڵ قاسمی لە رێکەوتی 9 ی رێبەندانی ئەمساڵ لە لایەن ھێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماڵی خۆی و بە لێدان و سووکایەتی پێکردن دەستبەسەر کرابوو.

لە تۆمەتگەلی پاڵنراو بە ناوبراوەوە زانیاریەکی ئەوتۆ لەبەردەست نییە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان