بۆکان: گەڕانەوەی هاوڵاتییەک بۆ زیندان

KMMK:
دووشەممە 7ی بەفرانباری 2720ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناوی “هادی تەنوومەند” خەڵکی بۆکان پاش کۆتایی هاتنی مرەخەسی گەڕایەوە بۆ زیندانی حکومەت لە بۆکان.

ناوبراو لە ڕێکەوتی 26ی جۆزەردانی 2712 لەگەڵ 57 ئەندامی کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ یارمەتی دان بە دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی کار لە کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی کۆمیتەکە لە کەرەج دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شار.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دوای ئازادکردنی لە زیندانی ڕەجایی شار، بەڕێز تەنوومەند بە هۆکاری ئەندام بوون لە کۆمیتەی هەماهەنگی و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە کردن دژی دەوڵەت” دادگایی کرا و بە 42 مانگ زیندانی تەعزیری سزا دڕا و لە ڕێکەوتی 19 ڕێبەندانی 2719 دا بۆ زیندانی حکومەت لە بۆکان گوازرایەوە.

جێی باسه ئەم هاوڵاتیه له مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا له زیندانەوە نێردرابوو مرەخەسی.

کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: