KMMK:
پێنجشەممە 27ی سەرماوەزی 2720ی کوردی، کۆڵبەرێک بە ناونیشانی”جەمیل ئەحمەدپوور” 27 ساڵ تەمەن لە ناوچەی سنووری هەنگەژاڵ سەر بە شاری بانە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێی فیشەکی بەردەکەوێ و بریندار دەبێ.
بە گوێرەی هەواڵەکە؛ هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمەڵێک کۆڵبەر کە لە ڕۆیشتندا دەبن لە ناوچەی سنووری هەنگەژاڵ دەدەنە بەر دەسڕێژ و لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەر بە گرانی بریندار دەبن و ناونیشانی کۆڵبەرەکەی دیکه تا ئێستە ئاشکرا نەکراوە.
شیاوی باسە کە کۆڵبەرە بریندارەکە بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ شاری بانە ڕاگوازراوە.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە و بە هەژماری ئەم حاڵەتانەوە سەرجەم 172 کۆڵبەر و کاسبکار لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیاوە له ناوچەی ســنووری ناوبەری ڕۆژهەڵات و باشوور و باکووری کوردستان بریندار بوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان