ورمێ: سالار خەلیل سدیق هەمەدانی بۆ زیندانی ناوەندی گوازرایەوە

KMMK:

پێنجشەممە ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ی کوردی، زیندانییەکی سیاسی بە ناوی سالار خەلیل سدیق هەمەدانی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ بۆ زیندانی ناوەندی حکوومەت لەو شارە ڕاگواسترا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسیە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بۆ لێپرسینەوە ڕاگوێزرابوو و لەم ماوەیە لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرابوو.

شیاوی باسە کە باوکی ئەم چالاکە سیاسییەیش دەستبەسەر و لەدۆخێکی هاوشێوەدایه و لە ژێر لێپرسینەوە و لە ژووری تاکەکەسیدا بوو.

ئیبراهیم باوکی سالار، ١٢ ڕۆژ پێشتر لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لەم شارە ڕاگوێزرابوو.شیاوی باسە کە؛ ١٤ی گەلاوێژ، ئەم دوو زیندانییە سیاسییە لە بەندی ڕاوێژی زیندان لە ورمێ بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگواسترابوون.

ئیبراهیم خەلیل سدیق هەمەدانی و دوو منداڵەکەی سالار و مریەم سدیقی هەمەدانی چواری ڕەشەمەی ٢٧١٨، لە شاری ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ زیندانی ناوەندی حکوومەت لەو شارە ڕاگواسترابوو.

مریەم خەلیل سدیق هەمەدانی پێنجی گوڵانی٢٧١٩ی کوردی، بە دانانی بارمتەی ٢۵٠ ملوێن تمەنی لە زیندان ئازاد کرابوو.کۆتاییەکانی خەرمانانی ٢٧١٩ی کوردی، ئیبراهیم و سالار خەلیل سدیق هەمەدانی لە لقی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە ورمێ محاکمە و بە تۆمەتی ” ئەندامەتی لە سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران” هەر کامیان بە پازدە ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون.

ئەم دوو زیندانییە سیاسییە پاشان لە لایەن لقی سێی دادگای ئینقلابی حکوومەت بە تۆمەتی” فیلم هەڵگرتن لە ناوەندگەلی چەکداری” هەر کام بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوون.ئەو حوکمەی بەسەر ئەم دوو زیندانییە سیاسییە سەپێنراوە بە پشتبەستن بە مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیلامییەکان، پازدەمساڵ بۆ هەرکامیان هەڵگری بواری جێبەجێ کردنی دەبێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان