KMMK:
دوابەدوای ئەوەی حوکمی ئێعدامی زیندانی سیاسی کورد حەیدەر قوربانی لە ناکاو لە دۆسیەیەکی جیاوازدا لە لایەن سیستەمی دادوەری ئێرانەوە پێی ڕاگەیەندرا رای گشتی کۆمەڵکای رۆژهەڵاتی کوردستانی تووشی شۆک و سەرسووڕمان کرد چون دۆسیەی ناوبراو چاوی پارێزەر و ناوەندە مافی مرۆڤییەکانی لە سەر بوو، بەڵام کاتێک ژێر بە ژێر و تەنانەت سیستەمی قەزایی ئێران بۆ خۆی ئاگادار نییە و لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دۆسیەیەکی دیکە ئامادە دەکرێ و ئێعدام بە سەر زیندانییەکدا دەسەپێنرێ، نادادپەروەری دەگاتە لووتکە و پێویستی و بەرپرسیارەتییەکی گران دەکەوێتە سەر شانی هەر لایەک و لەم چوارچێوەدا بنەماڵەی حەیدەر قوربانی لە نامەیەکدا دەنگی خۆیان دەگەیەننە هەر لایەک و داوای پشتگیری لە هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکانی جیهان، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی و کەمپەینگەلی نا بۆ ئێدام دەکەن کە بەرانبەر بە ئێعدامی ئەم زیندانییە سیاسییە بێدەنگ نەبن.
دەقی نامەکە بەم شێوەیە:حەیدەر قوربانی، زیندانی سیاسی مەحکووم بە ئێعداد لە دایکبووی ١٠/٣/٢٦٧٣ی کوردی،کوڕی عەلی دانیشتووی شاری کامێران لە هەمان تەمەنی منداڵی لەساڵی ٢۶٨٠ی کوردی، دەکەوێتە بەر ستەمی کۆماری ئیسلامی و لە بوونی پێدراوی باوک بێبەش کرا. گیان بەختکردوو عەلی لەو کەسانە بوو کە داوای مافی خەڵکی دەکرد و دەیزانی ئەم حکوومەتە شتێک جگە لە نکۆڵی و ئێعدامی نابێت بۆ خەڵک، ناوبراو ئەم حکوومەتەی نەدەویست و لە کۆتایدا لە لایەن دەست و پێوەندییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە گیانی لێ ئەستاندرا. حەیدەر قوربانی کە لە سێبەری باوک بێبەش کرابوو لە ژێر ڕەنج و ئازار حکوومەتی ئێراندا گەورە بوو.
ناوبرا دەیزانی کە ناوی باوکی کە لە کۆمەڵگای کوردستان ناوێکی ئاشنا بوو و لە هەموو کۆمەڵگا بە باشی بەرز دەنرخێندرا، سەری بەرز ڕابگرێ. حەیدەر قوربانی بۆ خۆیشی هاوشێوەی بابی بوو کە درەوشانەوەی لە نێو هەموو توێژێکی کۆمەڵگای کوردستان دەبینرێ. کۆماری ئیسلامی چاوی دیتنی پاڵەوانە ئازادیخواز و ئەوانەی لە بەرانبەر ستەم هەڵوێست دەگرن نییە، حەیدەریش لەم چوارچێوەیە بەدەر نەبوو و هەر دەم لە ژێر چاودێری ورد و پڕ لە نەفرەتی حکوومەتی ئێراندا بوو.تاکوو ئەوەی لە ساڵی ٢٧١۶ی کوردی، ئەو کاتەی حەیدەر لە ماڵی خۆیدابوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان کە زێدەتر لە ٩٠ کەس دەبوون، زۆر هۆڤانە هێرشیان کردە سەر ماڵەکەیان. هاوژین و دوو منداڵەکەی هەنووکەیش لە شۆک و شڵەژانی کاتی دەستبەسەریدان و گرفتی ڕۆحی و دەروونیان بۆ ساز بووە.
هێزەکانی ئیتلاعاتی حکوومەت حەیدەر و برای هاوژینی کە لە ماڵی ئەوان دەبێ، دەستبەسەر دەکەن و بە بێ هیچ پرسیار و وڵامێک بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە. حەیدەر قوربانی و مەحموود سادقی پتر لە ساڵێک بە دەستبەسەر کراوی لە گرتووخانە سامناکەکانی هێزە ئیتلاعاتییەکان و ئیتلاعاتی سپاـ دابوون. ڕایەدارانی حکوومی هیچ هەواڵێکیان لەو دوو کەسە بە بنەماڵەکانیان ڕانەدەگەیاند و هەبوونیانی لە گرتووخانەکانی سپا ڕەت دەکردەوە. لە ماوەی ئەم یەکساڵە تەنیا تاوانێک کە توانیان لە ژێر گرانترین ئەشکەنجەکان بەسەر حەیدەر قوربانیدا پشتڕاست بکەنەو، گواستنەوی ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بووە. و ئیدی هیچ هاریکارییەکی دیکەیان تەنانەت لە ژێر گرانترین ئەشکەنجەدا بۆ نەسەلمێنرا.
بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی زیندانیەکی حوکم پێنەدراو، نابێ پتر لە ٢٤ مانگ وەکوو دەستبەسەرکراو لە زیندان بێت دەبێ بە لە بەرچاو گرتنی تاپۆ ئازاد بکرێت، بەڵام ئەم زیندانییە کە ڕێکەوتی ٢٠/٧/٢٧١۶ی کوردی دەستبەسەر کرابوو و دواتر ڕێکەوتی ٢٠/٨/٢٧١٩ی کوردی حوکمی ٩٠ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، پتر لە ٣۶ مانگی بە بێ حوکم بە شێوەی دەستبەسەرکراوی لە زیندان بووە. ئەمە بۆ خۆی دەرخەری نادادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە.دۆسیەی حەیدەر قوربانیان بۆ گرانترکردنی حوکمەکەی نێردرا بۆ هێزی قەزایی.
هێزی قەزایی کە هاودەستی سەرەکی ئیتلاعات و سپایه بۆ ڕاگواستنی هێزەکانی حیزبی دێموکرات لەلایەن حەیدەر قوربانی ـیەوە، حوکمی هاریکاری(معاونت)ی لە بەرچاو گرت و لە چەند قۆناغی کورتی سکاڵا ئەم زیندانییە بێ تاوانەیان بە ٩٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرد. ئەم حوکمە بۆ ئیتلاعات و سپا جێی ڕەزامەندی نەبوو و بوو بە هۆی ئەوەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستپێشخەری بکەن و دۆسیەیەکی نهێنی بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە ئامادە بکەن.
ئەم دۆسیەیه لە بنەماڵەکەی شاردرابوویەوە و تەنانەت پارێزەرەکەیشی مافی خوێندنەوەی دۆسیەکەی نەبوو. لە کۆتاییدا بە ساز کردنی ئەم دۆسیە بێ بنەمایانە حوکمی نادادوەرانەی”بەغی” بە سەردا بسەپێنن کە تەنانەت خودی دادوەری لێپرسەرـی لقی یەکی دادگای کامێران بەڕێز کەریمی ڕەتی کردبوویەوە. مەخابن ڕێکەوتی ٢٧٢٠/۵/١۵ی کوردی حوکمی ئێعدامی ناوبراو لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە و بۆ جێبەجێکردنی حوکم، گەڕێنرایەوە بۆ جێبەجێکاری حوکمەکانی حکوومەت لە کامێران.
هەر بۆیەداوا لە هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکانی جیهان، دامەزراوەگەلی مافی مرۆڤی و کەمپەینگەلی نا بۆ ئێعدام داوەدەکەین سەبارەت بە دۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە بێدەنگ نەبن و ڕێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی ئەم حوکمە ناڕەوایە جێبەجێ بکات.
بنەماڵەی حەیدەر قوربانی
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان