KMMK:
ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، هاوڵاتییەکی خەڵکی گوندی میراوای سەردەشت بە ناوی ” عوسمان ڕووستا” ئەندامی شۆرای چارەسەری کێشەکان(حل اختلاف)ی ئەو گوندە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگواسترا.
بە گوێرەی هەواڵەکە؛ هێزە ئەمنییەکانی بە بێ نواندنی بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەریان کردووە و بە تۆمەتی هاریکاری یەکێک حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای بە دواداچوونی بنەماڵەکەی تا ئێست هیچ زانیارییەکیان لە مەڕ چارەنووسی وەرنەگرتووە.
لە هەواڵێکی دیکەدا کە بە دەستی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە؛ ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕ هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی ” دیاکۆ تارا” کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی گوندی ” کێلە سپیان”سەر بە لاجانی پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە دەستبەسەر کرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە پاش دەستبەسەری بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ٩۴ هاوڵاتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە دەستبەسەر کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


