کرماشان: ٩ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ چەندد چالاکی مەدەنی بڕدرایەوە

KMMK:

شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ی کوردی، شەهریار تەهماسبی، ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری ئاشنا لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئێران لە کرماشان بە ٩ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

ئەم کۆمەڵە چاڵاکە مەدەنییە، مانگی پووشپەڕی ٢٧١٨ی کوردی، لە لایەن ڕێکخراوی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و پاش نێزیک بە ٣ مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی دیزەڵ ئاوا بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

شەهریار تەهماسبی بە پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی مەحکووم کرانی خۆی و دیکەی تۆمەتبار کراوانی ئەو دۆسیە لە ووتووێژێک لە گەڵ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند؛ کە دەسپێک بە تۆمەتگەلی قورس وەکوو ئەندامەتی و لایەنگری لە حیزبە کوردییەکانی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات، گردبوونەوە و سازان و پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات و سوکایەتی بە شکۆی ڕێبەر ڕووبەڕوو ببوونەوە.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ کە لە زۆرینەی ئەو تۆمەتانە پەڕیونەتەوە و تەنیا بە تۆمەتی چالاکی پڕوپاگەندەیی دژ بە دەسەڵات هەرکام بە ٩ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون.

ناوبراو لە وتووێژی لە گەڵ KMMK پشتڕاستی کردەوە کە لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی گردبوونەوە و سازان بە ٢ ساڵ زیندانێ تەعزیری دیکە مەحکووم کراوە. ئەم مەحکووم بوونە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٧١٧ی کوردی و ناوبراو بە هۆکاری پشتیوانی لە کۆڵبەران ئەم حوکمەی بەسەردا سەپێنراوە.

شیاوی باسە کە: ئەرسەلان هدایەتی ـیش لە گەڵ دۆسیەیەکی هاوشێوەدا بە ٩ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە کە لە هەواڵێکی دیکەدا لە لایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان