داواکاری بەرسیڤدانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانین لە پێوەندی دەگەڵ ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران

KMMK:

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان ڕادەستکردنەوەی زیندانی سیاسی مستەفا سەلیمی لە لایان ئاسـایشی پێنجۆن‌ لە هەرێمی کوردستان بە حکومەتی ئێران بە تووندی مەحکوم دەکات و لە پێوەندی دەگەڵ ئەم ڕووداوە داواکاری وەڵام دانەوەی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە لەم بارەوە.

مستەفا سەلیمی زیندانی سیاسی سزا دراو بە سێدارە ماوەی ۱۷ ساڵی ڕابردوو لە زیندان دابووە. ڕادەستکردنەوەی زیندانی سیاسی بە حکومەتێکی وەک حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوسەنگ دەگەڵ هیچ یاسایەک نییە و بە پێچەوانەی ماڤی مرۆڤ و خستنە ژێر مەترسی گیانی ئەم ئینسانەیە.

ئاسایشی پێنجۆن‌ی هەرێمی کوردستان بەو ئاکارە گیانی ئینسانێکی خستۆتە ژێر مەترسی جددیەوە و ئەوە جیا لە هاودەستی و بەشدار بوون لە، لە سێدارە دان و کوشتنی ئەم زیندانییە سیاسییە نیییە.
مستەفا سەلیمی زیندانی سیاسی، کە ڕۆژی هەینی ٨ خاکەلێوە هاوڕێ دەگەڵ ۷۰ زیندانی تر توانیبوویان لە زیندانی حکومەتی ئێران لە شاری سەقز خۆیان درباز کەن، خۆی گەیاندە شاری پێنجۆن لە باشووری کوردستان و لە لایان هێزە ئەمنییەتییەکانی ئاسایشی پێنجۆن‌ی دەستبەسەر کرا و ڕادەستی حکومەتی ئێران کرایەوە.
مستەفا سەلیمی لە دایک بووی چواری پووشپەڕی ۲۶۶۶ کوردیە و خەڵکی گوندی” ئیلۆ” ی شاری سەقز ە کە لە ۱۷ خاکەلێوەی ۲۷۰۲ ی کوردی لە لایان حکومەتی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و لە لایان دادوەر گودینی محاکەمە و تۆمەتگەلی وەک ئەندامێتی لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردستانێکانی دژی کۆماری ئیسلامی و “محاربە” و ” دزی بە چەکەوە ی بەسەردا سەپێندرا و سزای سێدارەی بۆ دەرکرا.

ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای دابڕان لە و حیزبە گەڕاوتەوە شاری سەقز و لە ماوەی ۱۷ ساڵ زیندان ناوبراو لە هەر چەشنە پشوویەک بێبەری کراوە.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان وێڕای ئیدانە کردنی ڕادەستکردنەوەی زیندانی سیاسی مستەفا سەلیمی داخوازی جواودانەوەی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانە لەم بارەوە.

هەروەها داواکارە سزای سێدارەی ناوبراوە لە لایان کۆماری ئیسلامیەوە ڕابگیرێت و رێکخراوە جیهانییەکان پێش بە لە سێدارەدانی ناوبراو بە دەستی کۆماری ئیسلامی بگرن.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان