سێ کەس بوونە قوربانی/ کوشتنی کاسبکاران لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەردەوامە

KMMK:

ڕێکەوتی شەشی بەفرانباری ۲۷۱۹ کوردی، لە سەر سنوورە دەستکردەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەردەشت تاقمێک لە کاسبکاران بوونە ئامانجی هێرشی تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بەم هۆیەوە کاسبکارێک گیانی لە دەست دا و کاسبکارێک بە گرانی بریندار کرا.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، محەممەد ڕەشیدزادە خەڵکی گوندی قەلەڕەش کوژرا و خدر بێنەوا تەمەن ۲۵ ساڵ، خەڵکی گوندی دەرماناوێ ی سەر بە شاری سەردەشت بریندار کرا.

ئەو دوو کاسبکارە دوای بریندار بوون لە لایان خەڵکەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری سەردەشت گواسترانەوە.

محەمەد ڕەشیدزادە بە هۆی قووڵی برینەکانی گیانی لە دەست دەدا و خدر بێنەوا بە هۆی گرانی برینەکانی بۆ نەخۆشخانەی شاری مهاباد گواسترایەوە.

هەروەها پێنج‌شەممە ۵ ی بەفرانبار، ئۆتۆمبێلی کاسبکارێک بە ناوی سەعدی سەفایی خەڵکی دیواندەڕە لە ڕێگای نێوان ئەهواز ئەندیمێشک لە لایان هێزە چەکدارەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی تەقەی لێ کرا و ئەو کاسبکارە کوژرا.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری ک. م. م. ک ڕێژەی کۆڵبەران و کاسبکارانی کوژراو و بریندار بەم شێوەیە:

کۆڵبەری بریندار: ۱۳۱ کەس

کۆڵبەری کوژراو: ۶۷ کەس

کاسب‌کاری بریندار: ۱۷ کەس

کاسب کاری کوژراو: ۱۶ کەس

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان

محەممەد ڕەشیدزادە