مەترسی لە سێدارەدانی هاوڵاتییەکی کورد لە شاری سەقز

KMMK:

پازدە ساڵ پێش لە شەڕ و تێهەڵچوونێکی لەناکاو و نەخوازراودا هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز بە ناونیشانی کامەران عەبدی (ڕەزا) تووشی کارەساتی کوشتنی هاوڵاتییەکی دیکە بە ناونیشانی محەممەد عەلیزادە هات و لەو دەمەوە تا ئێستە ناوبراو لە زینداندایە و مەترسی لە سێدارەدانی بەتاوانی قەرەبوو (قصاص) لە ئان و ساتدایە.

بەگوێرەی هەواڵەکە کە سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕاگەیاندووە، بڕیارە ڕۆژی شەممە (١١ی خەزەڵوەر) لە سێدارە بدرێت.

هەر بۆیە دایک و بنەماڵەی ناوبراو داوایان لە بنەماڵەی کەسی کوژراو کردووە بە لێبوردەیی، لە کورەکەیان خۆش بن با دڵی دایکێکی دیکە زامار نەبێت و داوایان لە چالاکانی مافی مرۆڤ و خەڵکانی مرۆڤ دۆست و بە ئەمەگ کردووە فریا بکەون و ڕێگە لە کارەساتێکی دیکە و دیاردەیەکی قیزەون بگرن، با چیدی توند وتیژی و کوشت و کوشتار نەبێتە نەریت و هەموو ئەو دیاردە دڵتەزێنانە کە لە لایەن دەسەڵاتەوە گەشەی پێدەدرێ بنکۆڵ بکرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانیش بە ئەرکی خۆی دەزانێ داوا لە هەموو چالاکانی ناوخۆ کە ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە لە هەمبەر ئەم دیاردەیەدا و بە دەیان کەسیان لە مردن گەڕاندۆتەوە و هەروەها داوا لە ڕێکخراوە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان دەکات توانای خۆیان بخەنە گەڕ و پێش لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوە بگرن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان