حکومەتی تورکیا زەویە کشت و کاڵیەکانی رۆژئاوای کوردستان دەسووتێنێت

KMMK:
شەممە ۱۸ی جۆزەردانی ۲۷۱۹ی کوردی کاتژمێر ١٢:٠٠ زەوییەکانی سەرسنووری باکوور و رۆژئاوایی کوردستان لە نزیک سایلۆی گەنمی شاری دێربێسییەی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن حکومەتی تورکیا ئاگری تێبەردرا. ئاگرەکە لەلایەن سوپای تورکیاوە بەردراوەتە ناوچەکە و بەهۆی ئەو ئاگرەوە زیاتر لە ١٣٠ دۆنم لە زەوییەکانی گەنم و جۆی هاووڵاتییەک بەناوی موختار سووتاوە.
ئەو ئاگرەی لەلایەن سوپای تورکیا لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیانی ئەو ناوچەیە بەردراوە، زیانێکى زۆری بە هاووڵاتییانى ئەو ناوچانە گەیاندووە.
هاووڵاتیان و تیمی ئاگرکوژێنەوەی رۆژئاوای کوردستان خۆیان گەیاندە شوێنی ئاگرەکە بۆکوژاندنەوەی ئەو ئاگرە. ئاگرەکە لە پشت دیوارەکانەوە لە ملی باکوورەوە هاتووە و بەشی رۆژئاوای کوردستانی گرتۆتەوە.
حکومەتی تورکیا لە درێژەی شەر و داگیرکاری دژ بە کوردستانیان ئاگر لە زەوی و زاری خەڵک بەر دەدات.
جێی ئاماژەیە کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین بەشێکی زۆری زەوی خەڵک ئاگری تێبەردرا، ئەو ئاگردانەش لە لایەن گروپە تیرۆریستییەکانی گرێدراوی تورکیا و ئێران رووی داوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان