گیراوێکی کورد لە زەنجان لە سێدارە درا

KMMK:

سێ شەممە ۱۰ گوڵانی ۲۷۱۹ کوردی گیراوێک بە ناوی سەید سەمەد عینایەتی تەمەن ۳۱ ساڵی خەڵکی بیجاڕ لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە گرتوخانەی ناوەندی زەنجان لەسێدارە دراوە. ناوبراو تاوانبار بە کوشتنی بەئەنقەست بووە و بڕیاری سێدارەی «قصاص» بۆ بڕابویەوە.

زانیاریەکان وا دەریدەخەن کە ئەو گیراوە لە ساڵی ۲۷۱۴ کاری لوولەکێشی (ڕاکێشانی بۆری) کردووە و لەسەر کێشەی ماددی تووشی شەر دەبێت و کەسێک دەکوژێت. کێشەکە لەسەر کاری لوولەکێشی بینایەک دەبێت، ناوبراو کارەکەی تەواو دەکات، بەڵام حەق دەستەکەی پێنادرێت، زۆر بەدوادا چوون بۆوەرگرتنی حەقدەستەکەی دەکات بەڵام کەسی بەرامبەری حازر نابێت بڕی حەق دەستەکەی پێبدات، بۆیە شەر لەنێوانیاندا دەردەکەوێت و سەمەد کەسی بەرانبەر بە نەخوازراوی دەکووژێت.

جێی ئاماژەیە کە ناوبراو بە نهێنی لەسێدارە دراوە و کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ ئاگاداریێکی پێشوەخت لەوبارەوە نەداوە.

بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱۹ زاینییەوە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران ۱۵ هاوڵاتی رۆژھەڵاتی کوردستانی بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەسێدارە داوە، بە لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتیە رێژەی لەسێدارە دراوان دەگاتە ۱۶ کەس.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان