کۆمیسیۆنی ئەوروپا: پێشێلکاریە ماف مرۆڤیەکان لە تورکیا زیادی کردووە

KMMK:
كۆمسیۆنی ئه‌ورووپا دوایین ڕاپۆرتی خۆی لەسەر تورکیا بڵاو کردەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە تورکیا زیاتر لە پرنسیپ و یاساکانی جێی پەسەندی یەکێتی ئەوروپا دوور کەوتۆتەوە و زیاتر لە هەموو کاتێک رووی بەرەو خراپ بوون ڕۆیشتووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا توركیا به ‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشوو له‌ ڕووی دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ی جددی كردووه‌. پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ زیاتر ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌ و له‌ ڕووی ئابووریشه‌وه‌ له‌ زۆر هه‌رێم «پاشكه‌وتن» هه‌یه‌.
له‌ درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، توركیا له‌ ڕووی ئازادیی ڕاده‌ربڕین، خۆپیشاندان و مافه‌كانی دیكه‌ له‌ دۆخێكی خراپدایه‌. فشاری سیاسی له‌سه‌ر دادوه‌ر و داواكارانی گشتی كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری دروست كردووه‌.
هه‌ر له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا باس له‌ هه‌ڵبژاردنی ٣١ی ئاداری شاره‌وانییه‌كان كراوه‌. سه‌رنج خراوه‌ته‌ سه‌ر ٤ شاره‌وانی كه‌ هه‌ده‌په‌ به‌ده‌ستیهێنابوون به‌ڵام ڕاده‌ستی هه‌ده‌په‌ نه‌كراون. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵ كراوه‌.
بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە لە کاتێک دایە کە بە هەزاران سیاسەتمەدار و چالاکی سیاسی، مەدەنی و ماف مرۆڤی کورد لە لایەن حکومەتی تورکیا دەستبەسەر کراون.
لە نێو گیراوانی دا سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یۆکسکداخ، گوڵتەن کشاناک و ئیدریس بالوکەن هەن .
ئەوە جیا لە وێرانکردنی زۆرێک لە شار و گوندەکانی باکووری کوردستان و بۆمبارانی رۆژانەی باشوور و رۆژئاوای کوردستان هەروەها داگیرکردنی کانتۆنی عەفرینە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان