kmmk:
بەندکراوی سیاسی کورد عەلی بەدرخانی کە لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ بەندکراوە. ناوبراو لە هەلومەرجێکی نالەباری تەندروستیدا بەسەر دەبات و هەروەها لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە بەرگری لە پێڕاگەیشتنی تەندروستی لەدەرەوەی بەندیخانە بۆدەکرێت.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە: بەرپرسانی بەندیخانە سەبارەت بە داواکاریەکانی عەلی بەدرخانی کە توشی نەخۆشی گورچیلە بووە بێدەنگن و بەرگری لە ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە دەکەن. تەنانەت لە دەرمانخانەی ناو بەندیخانەش خزمەتگوزاری نەدراوەتە ناوبراو.
ناوبراو لە بەشی کرێکارانی بەندیخانە کە تایبەتە بە تاوانبارانی تاوانگەلی گشتییە و پتر لە ۳ هێندەی دێرانی خۆی بەندکراوی تێدایە و بەو هۆیەوە توشی کێشەی تەندروستی بوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە: بەدرخانی لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ۹۷دا بە هۆی دەر بڕبینی ناڕەزایەتی دژ بە بەڕێوە نەبردنی خاڵی جیاکردنەوەی تاوان و هێشتنەوەی ناوبراو لە بەشی گشتی دەستی دابووە مان گرتن و نێردرابووە ژوری تاکەکەسی.
دەبێت ئاماژە بکرێت کە: بەندکراوی سیاسی کورد عەلی بەدرخانی لە لایەن لقی یەکی دادگەی ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ سزای سێ ساڵ بەند کردنی بەسەردا سەپێندرا و ناوبراو لە بەڕواری ۲۶ی رەشەمەی ۹۵ سزاکەی پێ راگەیەندرا و لە بەهاری ساڵی ۹۶ بۆ بەسەر بردنی کاتی سزاکەی دەست بەسەر کرا و نێردرایە بەندیخانە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان