KMMK:
چوارشەمە ۲۹ ڕەشەمە ۱۳۹۷ هەتاوی ، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دیسان هێرشیان کردە سەر دەستەیەک لە کۆڵبەران و لەو ناوەدا کۆڵبەرێک بە ناوی سیامەند خەلیلی ۲۶ ساڵ تەمەن خەڵکی سۆما برادۆستی ورمێ بریندار کرا.
هەروەها سێ شەممە ۲٨ ڕەشەمە، جەبار مەحموودی کۆڵبەری ۲۶ ساڵ تەمەن خەڵکی نەوسودی کرماشان کەوتە بەر هێرشی ڕاستەوخۆی هەر ئەو هێزانە و بریندار کرا.
هەر لەو ڕۆژەدا ، تاقمێکی تر لە کۆڵبەران لە سەر سنووری هەنگەژاڵی بانە کەوتنە بەر هێرشی تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و کۆڵبەرێک بە ناوی ڕێبوار خەڵکی ئاوایی “بوینی سەرێ”(بوین علیا) بریندار کریا.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینیەوە تا ئێستا ۵٨ کۆڵبەر بریندار بوون و ۱۹ کۆڵبەری دیکەش بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و زەخت و سەرما و کەوتنە خوارەوە لە هەڵدێرەکان گیانیان لەدەست داوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان