ئامادە کاری بۆ لەسێدارە دانی رامین حوسەین پەناهی/ بڵاو کردنەوەی پرۆگرامێک لە کەناڵی حکومەتی لە پارێزگای سنە

Kmmk:
شەوی رابردوو ۱۱ی خەرمانان کۆماری ئیسلامی ئێران لە کەناڵی حکومەت لە پارێزگای سنە، بە بڵاو کردنەوەی بەڵگە فیلمێک خەریکی ئامادەکاری و بەلاڕێبردنی بیری گشتی کۆمەڵگا و ئامادەکاری جەوی کۆمەڵگا و لەسێدارەدانی لەناکاوی چالاکی سیاسی کورد رامین حوسەین پەناهیە.
 
پێش دەست پێکردنی ئەم بەڵگە فیلمە، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناردند کورتە نامە بۆ شارۆمەندانی پارێزگا، لە بڵاو کردنەوەی ئەم بەڵگە فیلمە لە شەوانی یەک شەممە و دوو شەممە، خەڵکی ئاگادارکردبوو بۆ بینینی ئەم پرۆگرامە.
 
بە پێی وتەی برای رامین حوسەین پەناهی کە لە لاپەڕەی فەیسبووک بڵاوی کردبوەوە؛ «کۆماری ئیسلامی ئێران هەمو هەوڵی خۆی خستوەتە گەڕ تاکوو پێش هاتنی مانگی موحەڕەم رامین لەسێدارە بدات.»

رۆژی رابردوو ۱۱ی خەرمانان گرتە ڤیدیۆیەک لە رامین حوسەین پەناهی لە دونیای مەجازیدا بڵاو بوەوە. لەم گرتە ڤیدیۆیەدا رامین دەست خۆشی لە خەڵکی کوردستان و ئێران کردبوو و وتەکانی حکومەت لەسەر چالاکی جیا لە چالاکی مەدەنی خۆی، رەت کردەوە.
 
رامین حوسەین پەناهی لە ۲۲ی پوشپەڕدا لە جەوێکی ئەمنیەتی و بە بێ ئاگادار کردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکانی لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە بۆ بەندیخانەی رەجایی شار گواسترایەوە و لە بەشی بەندکراوانی مەترسیدار نیشتەجێ کراوە.
 
رامین لە پێنجی خەرمانان، دژ بە زەخت و زەبری بەرپرسانی بەندیخانە، بەرگری لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی، نەبونی خزمەتگوزاری دەواو دەرمان، لە بەرچاو نەگرتنی بنچینەیی جیاوازی تاوان و داواکاری دادوەری سەر لەنوێ، بە دورینەوەی لێوەکانی دەستی داوەتە مانگرتن.
 
رامین حوسەین پەناهی بەندکراوی سیاسی کورد لە پوشپەڕی ساڵی ۱۳۹۶ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە دەست بەسەر کرا و لە مانگی سەرماوەزی ئەو ساڵە لە لایەن دادگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە بە تۆمەتی یاغی بون (بغی) سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
 
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان