کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە لەبەر چاوگرتن ئەوەی کە زۆرێک لە هاوڵاتیانی رۆژهەلاتی کوردستان لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسبەسەر و بەند کراون زۆربەی بەند کراوەکان ئەشکەنجە وئازار دراون، لە هەوڵ دایە بە کۆکردنەوەی شایەد نامەی ئەو کەسانە دەنگی هەڵبرێت بۆ کۆمەڵگای جیهانی سەبارەت بە ئاگاداری دان بەکۆمەڵگای نێو دەولەتی لەمەڕ بە ئەشکەنجە وئازارلە گرتووخانەکانی ئێران وبەم جۆرە سەنەدیەتێک(سەلماندن بەبەڵگەوە) چێ بکات. بۆیە داوادەکات بەندکراوە سیاسیە پێشووەکان یان ئەوانەی کە خۆیان شایەد حاڵی ئەشکەنجە بوون لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە پەیوەندی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بکات بۆ سەبت کردنی شایەد نامەکانیان.
قانێع محەممەد رەزای کوڕی «چینی و عومەر» چالاکی سیاسی کورد لەدایک بوی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە شاری سنە، لەم شایەد نامەیەدا، باسی چالاکیە سیاسیەکانی و دەست بەسەربون، دەستدرێژی جنسی، ئەشکەنجە و زەخت لە سەر خۆی و بنەماڵەکەی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە دەکات.
ئەم وتووێژە لە رێکەوتی ۲۰۱٦/۳/۲۷ لە لایەن راپۆرتێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەو ئەنجام دراوە و لە رێکەوتی٢٧ی شوبات(February) ٢٠١٨ لە لایەن بەرێز قانێع محەممەد رەزای پشت ڕاست کراوەتەوە.
ناساندن و دەسپێکی چالاکی
چالاکی من لەرۆژهەڵاتی کوردستان کارکردن بوولەگەڵ ڕێکخستنەکانی پەکەکە و پژاک، لەساڵی ۱۳٨۳ و ۱۳٨٤داپەیوەندیم لەگەڵ کادرانی پژاکدا گرتبوولەناوشاردا، دواترلەساڵی ۱۳٨٦دابەتۆمەتی ئەندام بونم لەناوحزبی پەکەکەدا دەستگیر کرام، بۆماوەی ساڵێک لەبەندیخانەی گشتی شارسنە و بۆ ٤٥ رۆژیش لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە زیندانی کراوم.
دەستبەسەربوون
من رۆژێک کاتژمێر ۷ ی بەیانی لەماڵ دەرچوم بۆسەرشوێنی کارەکەم ئەوکاتە من کاری ماشین رەنگ کردنم دەکرد لەوکاتەدا چوار کەس کەبەجل وبەرگی هاووڵاتییەوە بون هاتنەپشت سەرمەوەو چاوییان بەستم منیان برد بۆشوێنێکی نادیار، دوای ماوەیەک کەبردمییانە زیندان لەوێ زانیم کەئەو٤٥رۆژە من لە ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنەدا بوم.
پ/کاک قانع ئێوەکاتێک برانە ژوورەتاکەکەسییەکانی ئیتلاعاتی شاری سنە کەی لێپرسینەوەکانت دەستی پێکرد؟ ئایاهەرلەو کاتەدا بەئێوەیان راگەیان کەلەسەرچی گیراون؟
و/بەڵێ من لەبەرئەوەی کەپێشتر ئەندامی پەکەکە بوم پەروەندەی پێشووم هەبوو، ئێستا دوبارە دەستگیرکرابووم، ئەودۆسییەم دەگەرێتەوە بۆ دوو ساڵ پێش ساڵی ۱۳٨٦کەئەوکات گەرامەوە بۆ رۆژهەڵات حوکمی زیندانی دووساڵ تەعلیقیم (هەڵپەسێردراو) هەبوو. ئەو دووساڵە سزای هەڵپەسێردراوەم بۆ ماوەی یەک ساڵێک پێیان دابوم، کاتێک گیرام یەک ساڵە تێپەری بوو بەو شێوەیە ئیتر سزای دووساڵەکە منی نەدەگرتەوە، کاتێکیش دەستگیر کرام من هەروەک پێشوو کاری فەعالیەتی مەدەنیم دەکرد لەناوشاری سنەدا وئەمجارەش بەتۆمەتی پێشووتر (چاڵاکی بۆ پژاک) دەستگیر کرامەوە.
پ/ئێوەباسی فەعالیەت مەدەنیتان کرد دەکرێت رونی بکەنەوە چالاکی مەدەنی ئێوە، چیبوو؟
ئێمە لەکۆرو کۆبونەوەکاندا بەشداریم دەکرد بۆنمونە ئەوەی لەم دوییەدا بۆپشت گیری لەکۆبانێ وهەروەها پشت گیری لەزیندانییە سیاسیەکان ولەسێدارەدانی حبیب ئەڵڵای گوڵپەریپوور (بەندکراوی سیاسی لەسێدارە دراو) و ئەوزیندانییانەی کەلەسێدارە دەدران، بەشداریم دەکرد.
پ/بەڵێ ئێستا دەمانەوێت باس لەولێپرسینەوە وئەشکەنجەتان بکەیت کەلەو ماوەی ٤٥ رۆژەدا لەناو ژورە تاکە کەسییەکاندا بەسەرت هاتوە، چۆن رەفتاریان لەگەڵت کردوە؟
ئەوکاتە کە بردمیانە ناو ژوری تاکەکەسی ئیتلاعات، چاوم بەسترابوو، کاتێک بۆ بەیانی بردمیانە ژووری لێپرسینەوە، هەرچاوم بەسترابوو، تەنیا دەمزانی دوو کەس لەپشت سەرمەوە ڕاوەستا بون و پرسیاریان دەکرد. بەشێوەیەکی ناشیرین دەستیان دەکرد بەجوێن دان وسوکایەتی پێکردنم، هەروەها شوشەبتڵیان دادەناو دەیان گوت کەدەبێت لەسەری دابنیشی، بەدار و کێبڵ و باتۆمی کارەبای لێیان دەدام لەوکاتەدا من هەردوو دەستم لەمەچەکدا لەجێ چوون.
ئەوکاتەی کەتۆ دەستت لەجێ چوو ئایا ئێوەیان بردە نەخۆشخانە بۆچارەسەری؟
نەخێر نەیان بردم تەنیا لەرێگەی کەسێکەوە کە نەمدەبینی تابزانم کێیە دەستەکانمی پێچا، بەڵام کاتێک ئەشکەنجەیان دەدام منیان دەخست و بەقاچ بەوشوێنەی دەدا کە لەجێ چووبوو، دوبارەهەمان ئازاری رۆژی یەکەمی دەبوەوە.
پ/ باسی ئەوەتان کرد کەشوشەو بتلیان داناوە تالەسەری دابنیشی، ئێوەیان ئەنجامدا یان هەر بۆ ئازاری دەرونی بوو؟
و/بەڵێ ئەوکارەیان بەرامبەرکردم کەدەتوانم بەئازمایشت بیسەلمێنم، وەلەماوەی ئەو ٤٥ رۆژەدا سێ جار ئەوکاریانە لەگەڵم ئەنجام داوە.
بەهەموو شێوازێک ئەشکەنجە دەدرام، لێدانی سەرم کەبووە هۆی ئەوەی چاوم کزبێت وە هەروەها شکاندی لوتم، کەئێستاش هەرچاکم نەکردوتەوە. کاتێک بەمشت لێیان دەدام، دوای ئەوەی دەکەوتمە سەر زەوی بە پۆتین لەدەم وچاوییان دەدام ولەسێ لاوە لوتمیان شکاند.
پ/ لەسەر ئەشکەنجەدرانی خۆتان یان هاوزیندانیانەکانتان، کەبینی بێتت، یان باسیان کردبێت؟ بۆنموونە دەستدرێژی! ئازاری جەستەی و دەرونی! یان هەرشتێکی دیکە؟
کەسم نەدەبینی بەڵام کاتێک بەشەو ئازارم هەبوو هاوارم دەکرد، بانگم دەکرد، کەس وەڵامی نەدەدامەوە؛ بەڵام لەخواروی من کەسێک هەبوو بەناوی «کەیومەرس نادری» کەئەوکات ئەویش لەناوئیتلاعاتی سنە لە ژوورەتاکەکەسییەکاندا بوو ئەو زۆرهاواری دەکرد ئازاری زۆربوو بانگم دەکرد نەی دەتوانی وەڵام بداتەوە، چەن جارکە لە ڕارەوەکان دەیان برد دەنگی ئەشکەنجە و هاواریم دەبیست.
گوێزانەوە بۆ بەندیخانەی گشتی
کاتێک منیان برد بۆ زیندان، من درامە بەندی چوار، بەندی چواربەندێکی گشتی بوو ئەوکاتە بەندکراوانی سیاسی «فاتێحی ئەمینی، خاڵۆ سورابی جەلالی، رەحمەتی ئۆرامی نەژاد، فەلاحی سەڵواتی، لوقمانی سەڵواتی، فەرشیدی سەڵواتی و شاخەوان سەڵواتی» ئەمانە هەموویان لەزیندان بوون. دوای پێنج بۆشەش مانگ بەئێمەیان ڕاگەیاند کە بەشی بەندکراوانی سیاسی جیادەکەینەوە، دەیکەین بە بەشی پاکی دوو (ناوی بەشی جیاکراوە)، ئەوکاتە منیان بردە بەندی پاکی دوو، چەن زیندانییەتر وەک «جانداری محمدی وبراکانی و و ئەمیری چاوگ زادەش» لە بەندی پاکی دوو بون.
ئەوکاتە سادقی تەڵەب لەگەڵ خەسرەوی بەرپرسی پاراستنی زانیاری (حفاظت اطلاعات) ناو زیندان بوون، وەک زیندانیان باسیان دەکرد گوایە لەناو زیندان، بەندکراو هەن هەواڵی زیندان دەباتە دەرەوە بۆ بەرپرسانی بەشی پاراستنی زانیاری.
کێشە نانەوە بۆ بەندکراوانی سیاسی، ئازاردان و دەستدرێژی بەندکراوانی کەم تەمەن
بەچاوی خۆم بینیم کە وەکێڵ بەندیەک (بەندکراوێک کە بەرپرسی بەشێک لە بەشەکانی بەندێخانەیە) هەبوو بەرپرسی بەندی پاکی یەک بوو، ئەو وەکێڵ بەندە، لە بەندکراوی سیاسی عدنانی حسن پوری دا، ئەوکاتە عدنان و هیوابوتیمار لەبەندی پاکی یەک بوون، کاتێک بەوشێوە لەکاک عدنانی دا بەندکراوان کۆبونەوە کە لەو کەسە بدەن بەڵام لەگەڵ بەرپرسی زیندان قسەیان کرد و وەکێڵ بەندەکەیان گۆری.
هەروەها ئەوکاتە بەندی جەوانان هەبوو منداڵانی کە تەمەنیان کەمتر بوایە دەیان بردە ئەوبەشانەوە، ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لەسەرەوە بوو و خەریکی ئەو ڕەوشتە پێسانە بوون، دەرۆیشتنە بەندی منداڵانەوە ئەو منداڵانە لە رەوشێکی زۆر ناخۆشدا ژیانیان بەسەر دەبرد، بەدەستوری بەرپرسی زیندان دەستدرێژییان دەکردە سەر ئەو منداڵانە و لێیان دەدان و شتومەکەکانیان دەبردن.
ئەوکاتە لەبەندی پاکی دوو کاک حبیب ئەڵڵای لەتیفی و یاسر گوڵی وشاهۆ کولیایی وئەوانیشیان هێنا، باری تەندروستی حیب ڵڵا زۆرناجێگیر بوو ئەوگورچیلەکانی دەئێشا، چەند جاریش پێشنیاری کرد بۆچارەسەری بەڵام کەس گوێی پێ نەدا، نەیان دەبردە دەرەوە بۆ چارەسەری.
دادگای کردن
دوای چوار مانگ، یەکەم دادگایی کرام لە ۱۳٨٦/٥/۲۲ سزای زیندانیەکەم دەرکرا، دووجار دادگایی کرام، بەهەردوو جارەکەش ماوەی دەخولەکی کات برد، دادوەرەکەشم لە هەر دوو دۆسیەکەمدا «حسن بابای» بوو، منی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە کوکتل ملوتۆفم دروست کردووە (شوشەیەک کە بەنزینی تێدەکرێت و فتێڵەیەکی بەسەرەوەیە بۆ بەرنگاربوونەوە هێزەکانی حکومەت لەکاتی خۆپیشاندان) کاتێک کەوەڵامم دەدایەوە ئەو تۆمەتم رەت دەکردەوە، دەستی دەکرد بەقسەی ناشیرین بەمن.
پ/ئایا لەکاتی دادگاییەکەتاندا پارێزەرتان هەبوو؟
و/بەڵێ پارێزەرم هەبوو، بەڵام لەبەر نەبونی پارە، پارێزەرێکی تەسخیریم «پارێزەری دابێن کراو لەلایەن دەسگای دادوەریەوە» هەبوو بەناوی «نەسروڵای نەسیری». لە کۆتایدا لەلایەن دادگای ئینقلابەوە یەک ساڵ زیندانم بۆ دەر کرا. ماوەی ساڵێک لەزیندان بەند کرام، ئەو ٤٥رۆژەش لەژوورە تاکەکەسیەکان وەک کاتی زیندانی بۆمن هەژمار نەکرابوو.
پ/ وەک گوشار لەسەر بنەماڵەی بەرێزتان ئایا گوشار هەبوو لەسەر بنەماڵەکەتان لەکاتی زیندان ودوای دەرچونت لەزیندان؟
و/بەڵێ کاتێ من دەستگیر و لەژوورە تاکەکەسیەکانی ئیتلاعاتی سنەبووم، برایەکم لەناو نەخۆشخانەی سنە کاردەکات بۆماوەی چەن مانگێک لەکارەکەی دووریان خستەوە، دواتر خستیانەوە سەرکار، وەک گوشار دایکم و براکانمیان دەهێنایە ئیتلاعات وپرسیاری من وە لەگەڵ کێ هاورێیەتیم هەبوە پرسیاریان لێیان کردبوو.
پ/ ئێستا ئێوە لەدەرەوەی رۆژهەڵاتن، چی بوە هۆکار کەروژهەڵات بەجێ بهێڵن؟
و/بەڵێ کاتێک کە داعش هێرشی کردە سەر کۆبانی گردبونەوەو نارەزای لەشاری سنە دەستی پێکرد، وەک پشت گیری بۆخەڵکی کۆبانی بەشداری ئەو گردبونەوەو نارەزاییانەبوم، ئەو گردبونەوانە کە لە شاری سنە ئەنجام درا، گردبونەوەکان بەشێوەیەکی هێمنانە بەرێوە دەچوو، جارێکیان منیان بانگ کرد کە ئەوکات رەسمم هەبوو لەناو گردبونەوەکەدا، بەڵام من ئەوکاتە وتم کەوەک پشت گیری خەڵکی بێتاوانی کۆبانێ وک چالاکێکی مەدەنی حەزم دەکرد پشت گیری لەو خەڵکە بکەم، چون داعش گروپێکی تیرۆرستی بوو نەک بۆمن بۆهەموو دنیاجێگەی مەترسی بوە، ئەوان پرسیاریان لێدەکردم وە ئیمزایان پێدەکردم دەمزانی کە ئەمجارە کە دەست گیر بکرێم چون پەروەردەی پێشوم هەبوو بەلانی کەمەوە بۆماوەی ۱۰ تا ۱٥ ساڵ زیندان دەکرێم، ئەوە بووە هۆکاری ئەوەی رۆژهەڵات بەجێ بێڵم چون من پاسپۆرتیشم هەبوو هاتمە باشووری کوردستان ولەوێوە بۆ دەرەوەی وڵات بەرێکەوتم.
سپاس بۆ ئێوە کاک قانێع کە ئەم دەرفەتەتان بەئێمەدا بتوانین گوێ لەئازەرەکانتان بگرین، ئێمەش وەک کۆمەڵەی مافی کوردستان هەست بەئازارەکانی ئێوە دەکەین وە هەوڵ دەدەین دەنگی ئێوە بەناوەندە جیهانیەکان بگەیەنین، هیوادارین ئەم روداوانە بۆگەلی ئێمە لەکوردستان دووبارە نەکرێتەوە.
قانێع محەممەد رەزای/ زۆر سپاس بۆ ئێوە
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان