کۆماری ئیسلامی لە پشودا بەسەر دەبات/ بارودۆخی ناوچە بوومەلەرزە لێ دراوەکان قەیراناوی و نالەبارە

بەپێی راپۆرت و زانیاریەکانی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورستان: لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان لە هەلومەرجێکی قەیراناوی بەسەر دەبەن، جیا لە هەر چەشنە خزمەتگوزاریەک، حکومەتی ئێران گرفتگەلێکی بۆ لێقەوماوان بەدی هێناوە.

بەپێی دەست کەوتەکانی KMMK؛ حکومەتی ئێران لەو بڕە یارمەتیەی کە هەوڵی جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی خۆی داوە، خواردەمەنی ماوە بەسەر چووی گەیاندوەتە لێقەوماوانی بومەلەرزەکە و ئەو خواردنانە بونەتە هۆی مەسموم بوون و بڵاو بونەوەی نەخۆشین لە نێو ئاوارەکانی بومەلەرزەکە،

لەپەیوەندی لەگەڵ یارمەتییە مرۆییەکان، حکومەت و دەزگا نیزاییەکانی پەیوەندی دار بە حکومەتی ئێرانەوە، دەست دەگرن بەسەر یارمەتییە مرۆییەکان و دەبنە لەمپەر لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان، هێزە حکومەتییەکان بڕێک لە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ شوێنگەلێکی نادیار دەگوازنەوە و لە هەندێک شوێن یارمەتییە مرۆییەکان بەناوی خۆیانەوە دابەش دەکەن بەسەر لێقەوماواندا، کە لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو کردەوەی حکومەتی ئێران چەندین گرتە ڤیدیۆیی پشت راست کراو لەبەردەست دایە.

هێزەکانی حکومەتی و بڕێک لە خوێندکارە کانی حوزەی علمییە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکان نێردراون، یارمەتییە مرۆییەکان بەناوی حکومەت و دەزگا ئایینیەکان بەسەر خەلکدا بڵاو دەکەنەوە.

سەرەڕای نەبونی یارمەتی لەلایەن حکومەت و دەزگا دەوڵەتییەکان، خەڵکی ناوچەکە مەژبور بوون کە گیان لەدەست داوانیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بەخاک بسپێرن، جیا لەوەی کە پزیشکی یاسایی لە بری رادەست کردنەوەی هەر تەرمێک داواکاری بڕی ۳۰۰ هەزار تمەن لەلایەن بنەماڵەی گیان لەدەست داوان بووە.

بەلەبەر چاو گرتنی کەشوهەوای سارد، بومەلەرزە لێداوان لە زووترین کاتدا پێویستیان بە سەر پەناو ئەمێری گەرم کەرەوە هەیە، بابەتێکی زۆر گرینگ کە حکومەت تاکوئێستا هەوڵی بۆ دابین کردنی نەداوە، یارمەتییە مرۆییەکان لە سەر جێنشین کردن و سیستەمی گەرم کەرەوە بۆ لێقەوماوان تاکو ئێستە بەگوێرەی پێویست نەبووە.

پێداویستیە دەرمانییەکان یەکێکی دیکە لە پێداویستییە کانی لێقەوماوانە کە تاکو ئێستە هیچ دەزگایەکی حکومەتی هیچ چەشنە هوڵێکی کارامە سەبارەت بە دەرمان و چارەسەری پزیشکیان نەداوە، لە یەکێک لە راپۆرتە ڤیدیۆیەکانی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، خەڵک پشت راست دەکەنەوە کە لە نەخۆش خانە دارو تەختە بەکار دێنن بۆ بەستنەوەی شکاوییەکانی برینداران.

ئەحمەدی سەفەری نوێنەری کرماشان سەبارەت بە نەبوونی یارمەتی و نابەر پرسی حکومەت جەختی کردوەتەوە؛ پتر لە ۱۰۰۰ کەس گیانیان لەدەست داوە، لێرە ئاخیر زەمانە، هەواڵنێری فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران (صدا وسیما) خەیانەتی لە خەڵک کردووە، مانگی سور زۆر بێ سەقام و نابەرپرسە، بەداخەوە تاکو ئێستە شتومەک بەسەر هەمو گوندەکاندا بڵاو نەبووەتەوە، لەوانەیە تەنها لەسەدا دەی گوندەکان خێوەتیان وەر گرتبێت.

جیاواز لەوەی ئەم گوندانە کەوتونەتە هەڕماندن و رێژەی خزمەتگوزاری لەبەرانبەر ئەوان زۆر کەمتر لە ناوچە شارنشینەکان بووە، رێکخراوە مرۆییەکان کە خۆیان گەیاندووەتە ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکان، هەوڵ دەدەن خۆیان یارمەتییە کۆ کراوەکان بڵاو بکەنەوە و هێزە نیزامیەکان بە گرژی بەرانبەریان وەستاونەتەوە و بەو بۆنەوە چەندین کەس دەست بەسەر کراون.

جێگای لێکۆڵینەوەیە راپورتگەلی بلاو کراوەی پەیوەندی دار لەگەڵ رێژەی گیان لەدەست داوان نادیارە و تاکو ئێستە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو رێژەیە دەشارێتەوە تا کو خەڵک لە بەرفراوانی و گەورەیی کارەساتە گیانی و ماڵیەکان بەئاگا نەبن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان