سێ ساڵ زیندان بۆ برایانی پیرۆز زادەگان
هوشەنگ و مەحەمەد پیرۆز زادەگان دو برای کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەوەل مانگی پاییزی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون، لە لایەن شوعبەی یەکی دادگایی ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی هەڵوێست و چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سێ ساڵ زیندان سزا دران.
بە پێی هەواڵێک کە گەیشتۆتە دەست کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، رەزبەری ساڵی پێشوو ، واتا رەزبەری ساڵی ۲۷۱٥ کوردی، دو برا بە ناوەکانی هوشەنگ و مەحەمەد پیرۆززادەگان لە لایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکانی کۆماری ئیسلامی لە گوندی ماوانێی سەر بە پارێزگایی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر دەکرێن و لە دوایی دا راگوێزی زیندانی ستادی ئیتلاعات لەو شارە دەکرێن.

ئەو دو برا کوردە دوایی دوو مانگ راگوێزی گرتوخانەی ناوەندی ورمێ دەکرێن و لە بەشەکانی ۳ و ٤ ئەو گرتوخانەیە زیندانی دەکرێن. بەشی ۳ی ئەو گرتوخانەیە تایبەتە بە گیراوانی تاوانە کۆمەڵایەتی و عمومیەکانی وەک تاوانبارانی مادە هۆشبەرەکان و… .
براکەی دیکە واتا مەحەمەد رەوانەی بەشی ٤ کە تایبەت بە گەنجانە دەکەن.

کۆتایی مانگی رەشەمێی پاڕ، شوعبەی یەکی دادگا ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر چابک، ئەو دوو برایە بە تۆمەتی چالاکی دژی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران تاوانبار دەناسێنێت و هوشەنگ بە دوو ساڵ و مەحەمەد بە یەک ساڵ زیندان سزا دەدات.

هەر لەو پێوەندیەدا،  کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە هاووڵاتیێکی تری کورد بە ناوی نەسرەدین داڵایی میلان خەڵکی ماکۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پاییزی پاڕ دەستبەسەر کراوە، ناوبراو بە تۆمەتی هاۆکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردیە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شەش مانگ زیندان سزا دراوە. ناوبراو دوایی کۆتایی هاتنی لێپرسینەوەکان، رەوانەی بەشی ۹ی گرتوخانە کراوە.

جێی ئاماژەیە کە تۆمەتی ئەو سڕ گیراوە کوردە، چالاکی سیاسیە و بەو هۆیەوە رەوانەی گرتوخانە کراون، بەڵام شوێنەکەیان لە گرتوخانە تایبەتە بە تاوانە گشتیەکان و تاوانی عمومی. هەر بەو هۆیەش باری سڵامەت و تەندروستی وان تێک چووە.
جیا نەکردنەوە و تێکەڵ کردنی گیراوانی سیاسی لە گەڵ تاوانبارە گشتیەکان، جیا لەوەی کە پێشێڵ کردنی یاسایی زیندانی ئاییننامەی زیندانەکانی ئێرانە، پێشێڵکاری ئاشکرایی یاسا نێودەوڵەتی و ماف مرۆڤیەکانە.
بۆیە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەتا گیرانی ئەو سێ کەسە بە هۆیی چالاکی سیاسی شەرمەزار دەکات، لە کاتێک دا جارنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، هەر چەشنە گوشار و گرتنێک بە هۆیی چالاکی سیاسی قەدەخە دەکات. گیرانی ئەو سێ کەسە پێشێڵکردنی ئاشکرایی مافی مرۆڤ، ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی بیرکردنەوەیە. هەر وەها راگوێزی وان بۆ بەشی گیڕاوە گشتیەکان تاوان و پێشێڵکاری ماف مرۆڤی دەزانێت و شەرمەزاری دەکات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان