گیان لە دەست دانی منداڵان، نەگەیشتنی یارمەتی لە ژێر سێبەری چەواشەکاری چڕی هەواڵنێری ئێران

گیان لە دەست دانی منداڵان، نەگەیشتنی یارمەتی لە ژێر سێبەری چەواشەکاری چڕی هەواڵنێری ئێران

بە پێی راپۆرتگەلی کەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ سەرەڕای ئەوەی کە ۶۰ کاتژمێر بە سەر بومەلەرزەی ۷.۳ی ریشتەری ئەزگەلە لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت بارودۆخی لێقەوماوان زۆر نالەبار باس دەکرێت.

راپۆرتگەلی گەیشتوو لە گوندەکانی بومەلەرزە لێداوی سەرپێڵ زەهاو، ئەزگەلە، قەسری شیرین و داڵاهوو باس لەوە دەکات کە؛ شارۆمەندانی ئەم ناوچانە سێهەمین شەو پاش بومەلەرزەکە بە بێ هیچ چەشنە سەر پەنایەک شەو دەگەیەننە رۆژ، لە لایەکی ترەوە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، کە شتومەکە یارمەتییەکانی خەڵکی لە شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەو ناوچانەی بومەلەرزە لێی داون هەناردە کراون و هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر وەها بڕێک ئەندام بەدکارە و جەردەی ژێردەستەی هێزە ئەمنیەکان هەوڵی دەست بەسەرداگرتن و گواستنەوەی ئەو یارمەتییانە بۆ شوێنێکی نادیاریان هەبووە کە بەرەو ڕووی بەرخۆدانی خەڵک بونەتەوە.

لە لایەکی ترەوە ئەو ئامارانەی لەلایەن رێکخراوە و دەزگا هەواڵنێریەکانی حکومەت لەسەر قوربانیەکان و زەرەر لێکەوتووان زۆر جیاواز و درو لە راستین، بە وتەی”پییر حسەین کۆڵیوەند” بەرپرسی رێکخراوەی فریاکەوتنی ئێران رێژەی گیان لە دەست داوان۴۳۵ کەس و برینداران۹۳۹۷کەس بوون، لە حاڵێکدا کە وتەکانی بینەرانی روداوەکە و فلیمی کارەساتەکە ئامارە حکومیەکان دەخاتە ژێر پەرچی گومانەوە.
یەکێک لەو کەسانەی بینەری روداوەکە لە سەرپێڵ زەهاو جەختی کردوەتەوە، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای سەرلە بەیانی رۆژی ۲۲ خەزەڵوەر / ۱۳ نوامبەر خۆی بینەری ئیزنی ناشتنی ۴۰۰ گیان لەدەست داو لەو شارە بووە، هەر لەو بارەوە راپۆرت گەلێکی زۆر لە گوندەکانی ناوچە قەسپ دیوەکان باس لە گیان لەدەست دانی رێژەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەکانی ناوەندی ئەزگەلە، سەرپێڵ زەهاو و قەسری شیرین دەکەن، بە شێوازێک کە یەکێک لە دانیشتووان لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی داباس لە گیان لە دەست دانی ۱۵۰ کەس لە دانیشتووانی گوندی “کۆییک حەسەن” دەکات.

بەتەنها لە گوندی کۆییک حەسەن، کۆیک مەجید و کۆییک سەفور گیان لەدەست دانی ۱٨۰ کەس راگەیەندراوە، ئەم گوندانە دەکەونە ۲۰ کیلۆمەتری سەرپێڵ و رێژەی دانیشتووانی دەگاتە ۳۰۰۰ کەس.
زۆرترینچەواشەکاری هەواڵنێری لە ناوچە و گوندەکانی یارسان نشینەکانە، بە شێوازێک کە راگەیاندنەکانی حکومەتی کەمترین بایەخ بەو ناوچانە دراوە.

باری خراپی کەشوهەوا و سەرمای زۆر بۆسەر منداڵان و بەساڵا چووان بۆتە مترسییەکی گەورە.
بە پێی وتەکانی یەکێک لە ئەندامانی مانگی سور لە گوندەکانی داڵاهوو، ئەزگەلە و سەلاس باوەجانی چوارشەممە چوار منداڵ بە هۆی سەرماوە گیانیان لەدەست داوە.
بەم وەسفانەشەوە و پاش کەم تەرخەمی بەرپرسان بۆ ناوچەکانی بومەلەرزە لێ داو رێکخراوە مرۆییەکان و چالاکان لە کۆمەڵانی خەڵکی داوا کاری پێداویستیە سەرەتاییەکان وەک؛ خێوەت، بەتانی، جلوبەرگ، شیری وشک ئامێری گەرم کەرەوەن .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان