تەقینەوەی کەپسولی گاز، کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە

تەقینەوەی کەپسوولێکی گاز لە گوندی قەڵاتکەڕەشکەی  شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە و بەو هۆیەوە ، ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵان گیانی لەدەست داوە و ٥ کەسی دیکەش بە قورسی بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵنێری کوردپا بە بڵاو کردنەوەی ئەو هەواڵە ئاماژە دەکات کە نیوەڕۆی ڕۆژی سێ‏شەممە١٠ی خاکەلێوە، لە گوندی قەڵاتکە‏ڕەشکە، لە نزیکەی ئاوایی حەسەن‏ئاوای سەر بە شاری سنە، بەهۆی تەقینەوەی کەپسوولێکی گازی پیکنیکی، ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەیەک بە توندی بریندار بوون و ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵەش لەو بنەماڵەیە بە نێوی “بەهیە مەولایی” گیانی لەدەست داوە.

حەمید ئەحمەدی یەکێک لە کەسوکاری قوربانیانی ئەو کارەساتە بە ناوەندەکانی هەواڵی راگەیاندوە : ئەم تەقینەوە بە هۆی دزە کردنی گاز لە کەپسوولێکی گازی پیکنیکەوە ڕووی داوە. ناوبراو قیرتاو نەبوون و دژواریی جادەوبانی ئەو گوندەی بە هۆکاری درەنگ بەدەنگەوەهاتنی یەکە یەرمەتیدەرەکانی فریاکەوتن زانیوە، کە بەو هۆیەوە هەنووکە باری تەندرووستیی هەندێ لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەی شاری سنە ناجێگرە.

کەڵک گرتن لە کەپسولی گاز لە بەشێک لە گوند و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێک دایە کە رۆژهەڵاتی کوردستان بڕێکی زۆری گازی سروشتی لە ئێران بەرهەم دەهێنێت، ناوچەکانی ئیلام و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دو شوێنی تایبەتن کە سەرچاوەی گازی سروشتین، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران دوایی بەرهەم هێنان و دەرهێنانی ئەو سەرچاوە رروشتیە، ڕاگوێزی ئێرانیان دەکات و کەمترین کار و ئەرکی ئاوەدانکردنەوەی ڕۆژهەڵات کوردستان ئەنجام دەدات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان