کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان هێرشە سەربازیەکانی رژێمی عێراق بۆ سەر باشووری کوردستان ئیدانە دەکات وئەو هێرشە وەک هەڵوێستێکی سەپێنەری تواندنەوە و تەعریبکردنەوەی تر بۆ سەر گەلی کورد دەزانین.
هێرشە سەربازیەکانی رژێمی عێراق بۆ سەر باشوری کوردستان بووە بە هۆی گیان لە دەست دانی سەدان کەس وئاوارەیی هەزاران کەس لە دانیشتوانی کەرکوک، خانقین، دووبز، شنگال، دوزخورماتو، مەندەلی و زۆر شوێنی تر،
ئەم هەڵوێستە هاوکاتە لەگەڵ رێکەوتنی سێ قۆڵی وڵاتانی عێراق، ئێران وتورکیا لەو رێکەوتنەدا باشوری کوردستانیان بەر پەرچی هێرشەکانی خۆیان گرتووە، ئەم رێکەوتن و هێرشانە لەبەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رودەدات بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەک هەمو کاتەکانی تر لە هەمبەر جینۆسایدی گەلی کورد خۆی دەدات لە نەدیتن ونەبیستن.
ناوچەکانی کەرکوک، خانەقین، مەندەلی و شەنگال وناوچەکانی تر بەردەوام لە لایەن دەوڵەتانی عێراقەوە بوەتە شوێنی کوشتنی بەکۆمەڵ، ئەنفال وئاوارەی وبە شێوازێک کە ناسنامە وپێناسەی کورد لەو ناوچانە لە ناو بەرن.
لە نوێترین هەڵوێستی دەوڵەتی عێراق بە سەرۆک وەزیری عبادی هێرشی سەربازی نوێ و بە شێوەی بەرفراوان دژ بە باشوری کوردستان دەستی پێ کردووە.
ئەم ناوچانە وکۆی ناوچەکانی تری باشوری کوردستان لە گشتپرسیەکی ئازاد بە سەربەخۆیی کوردستان دەنگیان داوە.
بێدەنگی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق وشام(داعش) سەبارەت بەو هێرشانە نەک تەنها سەرسوڕهێنەر بەڵکو مایەی شەرمەزاریشە، بەتایبەتی کە کوردەکان لە باشوری کوردستان یەکێک لەو هێزە سەرەکیانەی شەڕ لە دژی ئەو بزوتنەوە ترۆریستیە بون.
ساڵانێکی زۆر خەبات وخۆڕاگری دژبە دیکتاتۆری ودڵرەقی رژێمی بەعس، خەباتی چڕ دژبە گروپی ترۆریستی داعەش، گرتنە خۆی ملوێنها ئاوارە، گیان بەخت کردنی سەدان پێشمەرگە وبریندار بونی زۆرێک لەو پێشمەرگانە، هاوکاری تەواو وهەمیشەیی هاوپەیمانان دژبە داعەش و…. زۆر شتی تر روکنێکی بچوکە لە خۆبردویی نەتەوەی کورد.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان هێرشی سەربازی رژێمی عێراق کە بە پشتگیری ئێران و تورکیا رو دەدات بە توندی ئیدانە دەکات و خوازیاری دەستێوەردانی ئاشتی خوازانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی،رێک خراوی نێونەتەوەیی و وڵاتانی هاوپەیمان دژبەداعەش بۆ راگرتنی شەڕی داسەپاوی عێراق دژ بە باشوری کوردستانین.
هاوکات لە کۆمەڵگای کوردستان و حزب و رێکخراوانی سیاسی کورد داوا دەکەین. ناکۆکیە نێوخۆییەکان بنێنە لاوە، وبە سەرەکی دانانی پارلمان و رەچەڵەکی دێموکراسی ویاسا هەوڵ بدەن دژبە هێرشی سەربازی رژێمی عێراق یەک دەنگ ویەک بڕیار بجوڵێنەوە.
کۆمەڵەی مەفی مرۆڤی کوردستان