تەقینەوەی مین لە مێهران کوژراوێک و دوو برینداری لێکەوتەوە

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ئەوڕۆ چوارشەممە ۳ی خەزەڵوەر بەهۆی تەقینەوەی مین لەناوچەی گشتی چەنگۆڵەی شاری مێهران، ۳ هاوڵاتی کوردی خەڵکی ئیلام لەڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژران وبریندار بوون.

بەگوێرەی هەواڵەکە، ئەم ۳ هاوڵاتییە لەکارمەندانی ستافی خاوێنکەرەوەی مین بوون. یەکێک لەو کەسانە بەناونیشانی «جەواد درەخشان» لەم تەقینەوەیەدا گیانی لەدەست دا و دوو کەسەکەی دیکە بە ناوەکانی «مێهدی ڕەزایی، قودرەت پارسە» بەگرانی بریندار بوون.

لەم تەقینەوەدا قودرەت پارسە هەردوو پێی خۆی لەدەست دا ومێهدی ڕەزایی دەست وپێ ودیکەی ئەندامەکانی لەشی بریندار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ۶ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ۲٤هاوڵاتی کورد وکارمەندانی خاوێن کەرەوەی مین بەهۆی کەوتن بەسەر میندا برینداربوون یان بەرشەپۆلی مین کەوتوون وهاوڵاتییەکیش گیانی لەدەست داوە، وهەروەها بەهۆی تەقینەوەی هاوەنی سەردەمی شەڕی ئێران وعێراق ۳ هاوڵاتی بەگرانی بریندار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان