لە ئاکامی هێرشی ئێران و ئێراق بۆ سەر کوردستان کۆمەڵێک هاووڵاتی بوونە قوربانی

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دوابەدوایی هێرشی حکومەتی ئێران و ئێراق بۆ سەر هەرێمی باشووری کوردستان، ئاڵۆزی بەشێک لە ناوچەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە.

لە ناوچەکانی کەرکوک، جەلەولا، خانەقین، دوبز، دوزخوراتوو، شەنگال و … کە کەوتنە بەر هێرشی هێزەکانی سپا و حەشدی شەعبی ئێراق و سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاڵۆزی ئەو ناوچانەی باشووری کوردستانی گرتەوە و جیا لە وێران بوونی ماڵ و حاڵی خەڵک، چەندین هاووڵاتی کوردستان گیانیان لەدەست داو و بوونە قوربانی.

دوایی دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانە، هێزەکانی سەر بە ئێراق و ئێران، دەستیان دایە کوشت و بڕی خەلک و ئاگریان لە ماڵ و حاڵی خەڵک بەردا.

بەپێی ئەو گوزارشت ویدیویانەی بڵاوکراونەوە، سپای ئەو دوو وڵاتە زۆر بێبەزەییانە هێرش دەکەنە سەر خەڵکی سڤیل کە لە ئاکام دا چەندەها کەس گیانیان لەدەست داوە.

ئەو جیا لەوەیە کە بە هەزاران کەس ئاوارە بوون و ناچار کراون، زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن. ئەو هێرشە هاوکات بووە لە گەڵ بێدەنگی ناوەندە جیهانیەکان و وڵاتانی هاوپەیمان کە لەسەر بارودۆخی باشووری کوردستان و ئێراق بەرپرسن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان