۱٤ ساڵان بوو هاوسەرگیری پێکرا و پاش ساڵێک بوو بە خاوەنی منداڵێک و لە تەمەنی ۱٦ ساڵیدا گیانی لە دەستدا / هاوسەرگیری منداڵان قەدەغە

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی ڕەزبەر کچێکی ۱٦ساڵانی مەریوانی خەڵکی گوندی «تازاوای تفڵیی» پاش۱۷ ڕۆژ ململانی لە گەڵ مەرگ (کما) گیانی لە دەستدا.

لە پەیوەندیەکی تەلفوونیدا ئەندامێکی بنەماڵەی «سەیران به‌راێی» بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند؛ سەیران لە تەمەنی ۱٤ ساڵیدا بە زۆری بنەماڵە هاوسەرگیری پێکرا و لە تەمەنی ۱٥ ساڵایدا بوو بە خاوەنی منداڵێک، ئەو ئەندامی بنەماڵەی ڕاگەیاند کە خۆشکەکەیان بە زەخت و گووشاری بنەماڵەی ناچارکراوە بە هاوسەرگیری و لە دوو ساڵی ڕابردوودا مافی پەیوەندیگرتنی بە ئێمەوە نەبوە.

و لە درێژەدا دەڵێت دوو مانگ پێش بە منیان ڕاگەیاندوە کە خۆشکەکەم بە هۆی چڵکو نەخۆشی سەریەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و لە گەڵ مەرگ ململانێ دەکات (کما)، بەڵام لێمان دەرنەکەوت بە هۆی لێدان لە لایەن شوەکەیەوە سەری بریندار بوە و لە نێوان ژیان و مەرگدا ماوەتەوە یان نا؟ به‌ڵام لە کۆتایدا بە شێوەیەکی تراژدیایی ژیانی لە دەستداو تاکه‌ کوڕه‌که‌ی به‌جێ هێشت.

بە هۆی جیاوازی ڕەگەزیەوە و نەبوونی یاسای کاریگەر بۆ پشتیوانی لە مافی منداڵان و ژنان لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، هاوسەرگیری منداڵانی ژێر ۱۸ ساڵ تەمەن ڕوو لە زۆر بوونە؛ و هەر ڕۆژە بەم هۆیەوە کۆژرانی ژنان بە ناوی نامووس پەرەستی، مردنی گۆماناوی و خۆکۆژی ئەم بەشه‌ی کۆمەڵگا دەبینین.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە دەستپێکی ساڵی نوێی هەتاویەوە تا ئێستا ۱۱ جار کۆشتنی نامووسی و تێزاب پاشین و ۲٦ جار خۆ کۆژی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان رووی داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان