داخستنی دەروازە سنوورییەکان و سیاسەتی برسی کردنی گەلی کورد

بەپێی هەواڵی گەیشتو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان جارێکی دیکە دەروازەی سنووری تەمەرچینی پیرانشار لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەبێ هیچ هۆکارێک بۆ ماوێکی کاتی دایخستووە.

لە دو مانگی رابردوودا ئەمە چەندەمین جارە کە ئەم دەروازەیە بە شێوازێکی تاک لایەنە دائەخرێت و کاربەدەستانی دەروازەی سنوری تەمەرچینیش هیچ بەدیلێکیان نییە بۆ زیاتر لە 12هەزار هاوڵاتی کە لە رێگای ئەم دەروازەیەوە بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین دەکەن.

نەبونی هەلی کارو کارگەو و شوێنی پیشەسازی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وای کردووە کە هاوڵاتیانی کوردی رۆژهەڵات دەست بدەنە کاری تاقەت پروکێن و مەترسیداری کۆڵبەری کە رۆژانە لە ژێر هەرەشەی کوشتن و برینداربونن لە لایەن ڕێدارانی سەرسنووری کۆماری ئیسلامییەوە.

لە درێژەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی لە دوای بەسەرکارهاتنییەوە و دوابەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی باشوری کوردستان دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ برسی کردنی گەلی باشور و رۆژهەڵات و بەچۆک دادانی ئیرادەی گەلی کورد بەشێوازێکی بەربڵاو دەستی کردووە بە داخستنی دەروازە سنورییە کان تا بتوانێت بەم سیاسەتە، گوشارەکانی بۆسەر گەلی کورد زۆرتربکات .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان