بەردەوامی لە سێدارەدان لە ئێراندا هاوکات لە گەڵ ڕۆژی جیهانی ، وەستانەوە دژی ئێعدام

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سزای ئێعدام بە کردەوەیەکی دژە مرۆڤی و کۆنەپەرستانە دەزانێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم سزا قیزەون و دژە مرۆڤیە لە هەمبەر زۆربەی شارۆمەنداندا بە تۆمەتگەلی جۆراوجۆر بەکار دێنێت .

۱۰ی ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانی وەستانەوە دژی ئێعدام ناودێر کراوە ، بە هیوای ئەوەی کە سزای ئێعدام لە یاساکاندا بسڕێتەوە و سزای ئێعدام و کوشتنی دەوڵەتەکان لە دژی شارۆمەندان نەمێنێت . لە ئێستادا سزای ئێعدام لە زۆربەی وڵاتانی دنیا بۆ نموونە لە ئێران بەڕێوەدەچێت و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە شارۆمەندان بە جێبەجێ کردنی سزای دژە مرۆڤی ئێعدام بە شێوازێکی سیستەماتیک دەکوژرێن .

لە ۱۰ی ئۆکتۆبری ۲۰۱٦ تا سەرتای ئۆکتۆبری ۲۰۱۷ لانیکەم ٥۰۸ کەس لە شوێنگەلی جۆراوجۆری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارە دراون کە ئەم ڕێژەیە بە نیسبەت ساڵی پێشووترەوە ئەم ڕێژەیە دانەبەزیوە و بەڵکوو زۆرتریش بوە ،

بڕیاری سزای سێدارە و جێبەجێ کردنی لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە زۆرینەی شارۆمەندان تۆمەت لێدراو بە شێوەیەکی نادادوەرانە دادگای دەکرێن لە لایەکیترەوە ڕێژەی ئێعدام لە ئێراندا بە هۆی نەبوونی ئامار و ڕێژەی سەرڕاست لە بەر دەستدا نیە و کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێژەی ڕاست و تەواوی ئێعدامەکان ڕاناگەیەنێت .

زۆرینەی سزای سێدارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ چالاکانی سیاسی و کەسانێک کە بە تۆمەتی ئەندامیەتی و هەواداری لە پارتە سیاسیەکان بوون ، هۆکاری ئایینی بە هەمان شێوە یەکێکتر لە هۆکارەکانی سزای سێدارەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا .
لە ۱۰ ئۆکتۆبری ۲۰۱٦ تا سەرەتای ئۆکتۆبری ۲۰۱۷ بە پێی ئامارەکان ۲۲۳ کەس سزای سێدارەیان جێبەجێ کراوە و ٥۰۸ سزای سێدارەیان بە سەردا سپێنراوە کە لەم ڕێژەیە ۳۲ کەس لە شوێنی گشتیدا ئێعدام کراون و ٦ لەو کەسانە کە ناسنامەیان ڕاگەیاندراوە ژن بوون و تەمەنی ٦ لە ئێعدام کراوان لە کاتی تۆمەتبارکردنیاندا کەمتر لە ۱۸ ساڵ بوە .

لە سێدارەدانی تۆمەتبارانی ژێر ۱۸ساڵ لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە لە هەندێک جاردا جگە لە نەبوونی هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی تۆمەتی تۆمەتبار ، دادگا بە بێ گرتنە بەرچاووی تەمەن و تەندروستی سزای ئێعدام دەدەکات .
۷ منداڵیش بە سێدارە سزا دراون . تاوانگەلی پەیوەندیدار بە مادەسڕکەرەکانەوە زۆرینەی لە سێدارەدراوان دەگرێتە خۆ ، سزای سێدارە بە تاوانی کوشتنی دەستەنقەز ، ئێعدام بە تۆمەتی دەستدرێژی سەر پاکیەکان ، ئێعدام بە تۆمەتگەلی سیاسی و ئەمنیی لە پلەگەلی دوواتردا جێدەگرن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای وەبیرهێنانەوەی ڕۆژی جیهانی وەستانەوە دژی ئێعدام ، داوای وەستانەوە و دژایتی ئێعدام لە هەموو چالاکانی مافی مرۆڤ ، ناوەندگەلی مافی مرۆڤی و مەدەنی ، پارتەسیاسیەکان و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات کە هەواڵێکی جیددی بۆ سڕینەوەی سزای ئێدام بدەن .
هاوکڵت لە کۆمەڵگای جیهانی ، نەتەوە یەکگرتوەکان ، یەکێتی ئۆرووپا ، سازمانگەلی جیهانی لە بواری مافی مرۆڤدا و وڵاتان داوادەکات ، هێز و گوشاری پێویست دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام بەکار بێنن .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان