تێپەڕینی ۱۰۰ڕۆژ  دەسبەسەری، نەبوونی هیچ زانیارییەک لەمەڕچارەنووسی” ڕامین حسێن پەنایی”

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، پاش تێپەڕینی ۱۰۰ڕۆژ لەدەسبەسەری ڕامین حسێن پەنایی هێشتا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە وبنەماڵەی ئەم چالاکە سیاسییە سەرەڕای سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکەیان،بەڵام وەکوو هەموو کات ڕووبەڕووی وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی ئەو ناوەندانە دەبنەوە.

ڕامین حسێن پەنایی،یەکی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی، لەکاتێکدا فیشەکی بەرکەوتبوو وبریندار ببوو، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر وگوازڕایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەم چالاکە سیاسییەی کورد بەتۆمەتی ئەندامییەتی لەحیزبی کۆمەڵە دەسبەسەر کراوە وسەرەڕای سەردانی بەردەوامی بنەماڵەی ناوبراو بۆناوەندە قەزایی وئینتزامی و ئەمنییەکان نەتەنیا زانیارییەکیان لەمەڕ دۆخی کوڕەکەیان دەستنەکەوتووە تەنانەت ئێزنی هەبوونی پارێزەیش بۆ ڕامین وئەفشینیان پێنەدراوە وبەهێنانە ئارای ترس ودڵەڕاوکی لەنووسینگەی مافەکان وپارێزەران ،ڕێگریان لێکردوون.

هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جگە لەدەسبەسەری ڕامین حسێن پەنایی ،دەستیان داوەتە دەسبەسەری دیکەی ئەندامانی بنەماڵە،وەکوو ئەفشین حسێن پەنایی لەچالاکانی مەدەنی وناوبراویش تائێستە هەرلە گرتووخانەدایە ودۆخی دۆسیەکەی ناڕوونە وپێڕاگەیشتنی بۆ ناکرێ.

بنەماڵەی حسێن پەنایی لەنامەیەکدا بۆهەواڵنێری مافی مرۆڤ ،خاتوو ئەسماء جەهانگیر، خوازیاری بەدواداچوونی ناوبراو لە دۆخ وچارەنووسی ئەندامانی بنەماڵەی حسێن پەنایی بوون وئەمە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی ۹ی پووشپەڕی ۱۳۹۶،ڕێخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک، دەسبەسەری ئەندامانی بنەماڵەی حسێن پەنایی وەکوو (بێ سەروشوێن بوونی زۆرەملێ) هێنایە هەژمار وخوازیاری ئاشکرابوونی چارەنووس وشوێنی ڕاگیرانی ئەوان بووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان