بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ۳ هاووڵاتی خەڵکی گووندەکانی سەر بە شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار بردران.
“محەممەد مینبەری” و “پەیمان مینبەری” و “موسلیم سەعیدپوور” ناسنامەی ئەو ۳ هاووڵاتییە کوردەن کەخەڵکی گووندەکانی “نیەر” و “تەنگیســەر”ی سەر بەشاری سنەن کە ڕۆژی ۳شەممە ۴ی ڕەزبەری ۱۳۹۶ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنییە جلک تایبەتەکانەوە لە شوێنی کارەکەیان لە “نایسەر”ی سنە، دەستبەسەر کراون. بە وتەی سەرچاوەکانی ناوچەکە و هەروەها خزم و کەسی ئەو کەسانە، هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کردنەکەیان دیار نییە و دەڵێن هیچ پەیوەندییان بە ڕووداوەکانی ئەو چەند ڕۆژەوە نییە. لەبەر ئەوەی ناوبراون لە هیچ یەک لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکان دا بەشدارییان نەکردووە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان، هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان پێنەدراوە.
جێی وەبیر هێنانەوەیە کە لە درێژەی کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی ئەو ڕۆژانەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ پاڵپشتی کردن لە بابەتی ڕاپرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و هەروەها داواکردنی مافی چارەی خۆنووسین بەڕێوە چووبوو، کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای گرتنی بەرفراوانی خەڵک لە شارە جیاجیاکان، دەستی بە ئەمنییەتی کردنی شارەکان کردووە و چەک و چۆڵێکی زۆری سووک و قورسی وەک “تانک و هاوەن” بۆ ئەو شارە کوردییانە گوێستۆتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستـــــــــــان