دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دۆینێ ۳ی ڕەزبەری ۱۳۹۶ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لە چوارڕای ئازادی ئەو شارە لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

“کاوەیس ئاغایی” ئەو هاووڵاتییە مەهابادییەیە کە بەهۆی خۆشی دەربڕین بۆ رێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لەو شارەدا دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە و هەتا ئێستا لە چارنووسی ناوبراو، زانیارییەک لەبەر دەست دا نییە.

شایانی باسە کە بەپێی هەواڵێک کە دۆینێ لەلایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاو کرابوویەوە “ڕووناک ئاغایی” و کچەکەی بەنێوی “سروە مووسازادە” بەهۆی هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەستبەسەر کراون و بەپێی هەواڵی گەیشتوو ” کاوەیس ئاغایی” ش هەر لەگەڵ ئەوان گیراوە.

جێی وەبیر هێنانەوەیە کە هاوکات لەگەڵ رێفراندۆم لە شار و گووندەکانی باشووری کوردستان، لە زۆر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەڵپەڕین و کەیف خۆشییەوە، بەرەو پیری ئەو بابەتە چوون و هاودڵی و پشتیوانی خۆیانیان پێ ڕاگەیاندن.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بەهۆکاری ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییانە و بەپێی سەرچاوە نێوچۆییەکان، چەندەها هاووڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون کە هەتا ئێستاش نێویان نەزاندراوە و هەروەها ئەوڕۆش بۆ ڕێگری کردن لە کۆبوونەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زۆربەی شارەکان، ڕەوشی نائاسایی و میلیتاریزە لە ئارادایە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستــــــان