مانگرتنی چەند کەسایەتی و چالاکێکی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ پشتیبانی لە کۆڵبەران

بەپێی ڕاگەیاندراوی کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە بەڵگەێیکیشی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە ، ڕایانگەیاندوە بۆ هاوخەمی بنەماڵەی کۆڵبەران و قوربانییان و بە مەبەستی ناڕەزایەتی دربڕین بۆ کوژرانی کوڵبەران بۆ ماوەی ۳ ڕۆژ دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن .

لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەو چالاکە مەدەنی و سیاسییەنەدا لە بوارێکی مافی مرۆیییەوە تێڕوانینی خۆیان بۆ بابەتەکە دەربڕیوە و باس لە نەبوونی پیشەو کار و نەبونی ژێرخانێکی ئابوری پتەو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکەن و خەڵکانی برسی لە ناچاری و بێکاری و هەژاریدا کۆڵبەری هەڵدەبژێرن بۆ ئەوە بژیوی ژیانیان بەدەست بێنن .

مەبەستی ئەو چالاکانە بە پێی ڕاگەیەندراوەکە ئەوەیە کە دەنگی نەبیستراوی کۆڵبەران بە گوێ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بگەێینن .

کۆی ناوی چالاکانی مانگرتوو ئەمانەی خوارەوەن

حەسەن ئەمینی ، موحەمەد سدیق کەبودوەند ، ئیسماعیل موفتیزادە ، هادی ئەدەب ، حسامەالدین ئەمین ، سیمین چایچی ، ئەجلال قەوامی ، شیلان گیلانی ، مەحمود مەحمودی ، مەسعود کوردپور

شایانی باسە لە دوای کوژرانی ۲ کۆڵبەر لە شاری بانە لە ڕێکەوتی ۱۳ خەرمان لە لایەن هێزی ئینتزامی کۆماری ئیسلامییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گردبونەوە و مانگرتنی بازاڕیان و کاسبکارانی شاری بانەی لێکەوتەوە و کاردانەوەی مێدیایی و ناوخۆی زۆری بە دوای خۆییدا هێناوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان