بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ماوەی چەند ساڵێکە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە شوێنە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەرەی بە درووستکردنی بەنداو داوە.
هەرچەند کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی گێڕانەوەی ئاو بۆ دابینکردنی بڕی پێویستی بەکارهێنان دەگێڕێتەوە، بەڵام بەڵگە وەدەستکەوتووەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە ئەو بەنداوانە نەتەنیا ئاوەکەیان ڕێگری لێدەکرێت بۆ ئەوەی بۆ کشتووکاڵ و خواردنەوە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەڵکی لێوەرگیرێت و هەر هەموویان ڕەوانەی شار و پارێزگا ناوەندییەکانی جوغڕافیای ئێران دەکرێت، بەڵکوو ئاسەوارە مێژوویی، کولتووری و تەنانەت گووندە دێرینەکانی سەر ئەو ئاوانەش لەناو دەبات و ئەوەش هەموو کاتێک شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵکانی ناوچەکە و چالاکانی ژینگە پارێزی لێکەوتووەتەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران نەتەنیا هیچ وەڵامێکی ئەو ناڕەزایەتییانەیان نەداوەتەوە، بەڵکوو حەولیان داوە بە هەڕەشە و تۆقاندن و گرتن، خەڵک و داکۆکیکارانی ئەو بوارە لە داواکارییەکانیان پاشگەز بکاتەوە.
هەر لەو بارەیەوە زانراوە کە بەنداوی “زمکان” لە ناوچەی داڵاهۆی سەر بە شاری کرماشان، وەکوو هەموو بەنداوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیانێکی زۆر و قەرەبوونەکراوی بە ئاسەوار، کولتوور، گووند و ڕەز و باخی ئەو ناوچەیە گەیاندووە و لە کۆتاییشدا سەرەڕای ئەو وێرانکارییەش، مەترسی بە تاڵانبردنی ئاوی ئەو بەنداوەش لە ئارادایە.
هەر لەو حەوتوویەدا بڕیار لەسەر پاراو کردنی زەوییە سۆرەکانی پارێزگای تەورێز دراوە لەسەر ئاوی بەنداوی شاری بۆکان، کە بووە هۆی ناڕەزایەتی نوێنەری ئەو شارە لە پاڕڵەمانی ئێران.
ئەو هەوڵانە لەکاتێکدایە کە گۆلی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە گەورەترین گۆلی سۆری جیهان دەناسرێت، بەهۆی سیاسەتی هەڵە و چاولێکردنی ئەمنی دەستهەڵاتدارانی تاران بە کوردستان، خەریکە ویشک دەبێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستـــــــان


