مین ئەو جاریش لە کوردستان قوربانی گرت

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ۱٨ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی، تەقینەوەی مینی بەجێماو لەشەڕی ٨ساڵەی نێوان عێراق ـ ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، قوربانی لێکەوتەوە.

“لوقمـــــــــان حەکیمی” ٤٦ساڵە و خەڵکی شاری مەریوان کە بۆ سەیران ڕووی کردبووە کوێستانەکانی “کانی خێران”ی نیزیک شاری مەریوان، دەکەوێتە سەر مین و لە سەر و دەستییەوە بە سەختی بریندار دەبێت و پاشان بۆ نەخۆشخانەی شارەکە گوێستراوەتەوە و بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار بواری تەندرووستی باش نییە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.

شایانی باسە کە لە سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، لەکاتی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، بە میلیۆنان مین لەلایەن هەر ۲ دەوڵەتەوە چێنراوه و بەپێی ئامارەکان هەتا ئێستاش زیاتر لە ۱۷میلیۆن و ۵۰۰ هەزار مینی نەتەقیو لەو سنوورانەدا بوونیان هەیە. ئەوە مینە چێنراوانە لە سەری ساڵی ۲۰۱۷ی زایینییەوە هەتا ئێستا ۷ کەسیان کوشتووە و زیاتر لە ۲٦ کەسیشیان بریندار و سەقەت کردووە کە لەو ئامارە ۲ کوژراو و ۳ برینداریان منداڵن و تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پانتایی زیاتر لە ۷۰٦۲۵۰ هێکتار زەوی لە سەر سنوورەکان، مەترسی تەقینەوەی مین لە ئارادایە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان