هەواڵەکان

هەرەشەی ئێعدام لە گیراوانی سیاسی کورد

سێ زیندانی سیاسی کورد کەمەحکووم بەئێعدامن، لەوزیندانیانەی کەگوازراونەتەوە بۆهۆڵی دە هەڕەشەی ئێعدامیان لێکرا. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لوقمان مورادی،زانیار مورادی وهوشەنگ ڕەزایی سێ زیندانی سیاسی کورد کەبەئێعدام مەحکووم کراون ئەوڕۆ لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شارەوە هەڕەشەی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان لێکرا.

بەگوێرەی هەواڵەکە ئەم سێ زیندانییە پاش ئەوەی قەدەغەی چاوپێکەوتیا لێکرا لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە دەستیان دایە مانگرتن لەخواردن وهەربۆیە کەوتنە بەرهەڕەشەی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ، پێیان وترابوو بێدەنگ بن ئەگەرنا بەخێرایی حوکمی ئێعدامەکەتان جێبەجێ دەکەین.

ئەمە لەحاڵێکدایە کەلەڕێکەوتی یەکی گەلاوێژی۱۳۹۳ بەئامادەبوونی پارێزەرەکەیان بەڕێز ساڵح نیکبەخت، دادگاییەک بۆپێڕاگەیشتن بەدۆسیەکەیان بەڕێوەچوو ولەم کۆبوونەوەدا دادوەری دادگا دانی نا بە ناتەواو بوونی دۆسیەکە وناتەوابوونی بەڵگەکان. بەپێچەوانەشەوە تەنانەت شایەتحاڵەکان شایەتیان لەمەڕ بێ تاوان ئەوان دا لە دادگا کە بۆخۆی بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەربێ تاوانی ئەوان.

پاش تێپەڕینی ۳ساڵ لەو ڕێکەوتە،چەنددین جار(سێ جار)دۆسیەکە لەلایەن لقی سەرلەنوێ لێپرسینەوەوە بۆ تەواوکردن وسڕینەوەی کەموکوڕییەکان بۆ زێدی ئێمە (شاری مەریوان)لەڕۆژهەڵاتی کوردستان گوازرایەتەوە بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگە وشایەتحاڵ،دۆسیەکە لەڕوانگەی بەڵگەوە ناتەواو ماوەتەوە.

جێگەی باسە کەزانیار ولوقمان مورادی لەڕێکەوتی ۱۱ی گەلاوێژی ۱۳۸۸وە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەشاری مەریوان دەسبەسەر کراون وپاش ۹مانگ ڕاگرتنیان لەگرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ وەرگرتنی دانپێدانان کەوتنە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی وڕۆحییەوە وپاشان گوازرانەوە بۆزیندانی ناوەندی شاری سنە وپاش ۶مانگ گوازرانەوە بۆزیندانی ئەوین لەتاران.

لەسەرەتاکانی بەفرانباری ۱۳۸۹لەلقی۱۵ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی لەتاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبوالقاسم سەڵەواتی محاکمە وبەتۆمەتی” محاربە لەڕێگەی ئەندامەتی لەگرووپێکی دژبەر وکوشتنی کوڕی ئیمامی جەماعەتی مەریوان” بەئێعدام لەبەرچاوی گشتی ولە۱۸ی پووشپەڕی سای ۱۳۹۰ لەلایەن دیوانی باڵای ووڵاتیشەوە ئەم حوکمە پشتڕاست کرایەوە پاش ئەوە گوازرانەوە بۆزیندانی ڕەجایی شاری کەرج ولەو ڕێکەوتەوە تابەئێستە لەم زیندانە ڕاگیراون.

هوشەنگ ڕەزایی زیندانی سیاسی کورد کەلە سەرەتاکانی سای۱۳۸۹وە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر و لەلایەن دادوەر موقەیسەوە لەلقی ۲۸ی دادگاوە بەتۆمەتی محاربە لەڕێگەی پێوەندی وهاریکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانییەوە بەئێعدام مەحکووم کراوە،ئەم زیندانییە سیاسییە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو لەچاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو هەروەها دەسڕاگەیشتن بەپارێزەر بەمەبەستی بەدواداچوونی دۆسیەکەی بێبەری بووە ودایک وبابی ئەم زیندانییەیش بەهۆی بەتەمەن بوونیانەوە وژیان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان توانایی چاوپێکەوتنی حەوتانەی کوڕەکەیان نییە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

Related posts

دیپۆڕتی عادڵ بەهرامی و ۳۲ پەنابەری دیکە بۆ ئێران

جارێکی تر گەمارۆئابوریەکانی سەر ئێران لە لایەن کۆمکاری یەکیەتی ئوروپاوە درێژ کرایەوە

گربوونەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی بوومەلەرزە دیتوو لەبەردەم قایمقامیەتی سەرپێڵ زەهاو