(یارسان) کاکەییەکانی کوردستان، قوربانیانی تووند و تیژی ئایینی

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، شەوی ڕابردوو لە بەرواری ٤ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی، کۆمەڵێک چەکداری داعش هێرشیان کردووەتە سەر ئاوایی “شەشەیی” کە یەکێکە لە ئاواییەکانی گەلی کوردی یارسان لە دەڤەری شارۆچکەی داقووقی نیزیک شاری کەرکووک لە باشووری کوردستان و بنەماڵەیەکیان کۆمەڵکووژ کردووە.

سەرچاوەکان بڵاویان کردۆتەوە کە لەو هێرشەدا، ٤کەس لە بنەماڵەیەک کۆمەڵکووژ کراون کە دوانیان ژنن و هەروەها دەوترێت ٤کەسی تری ئەو بنەماڵەیەش کە پێکدێن لە ژن و منداڵ، بەدەستی ئەو گرووپە سەلەفییە جیهادییە ڕفێندراون و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

ئایینی یارسان یەکێک لە کۆنترین ئایینەکانی کوردستانە و نیزیکە لە ئایینەکانی ئێزدایی و زەردەشتی. کۆمەڵگەی یارسان (کاکەیی) لە هەر چواربەشی کوردستان وئەرمەنستان و ڕووسیا دەژین و پەیمانەکانی پارچەکردنی کوردستان لەنێوان داگیرکەرانی کوردستان دا، نیشتمان و کۆمەڵگای ئەوانیشی لەت کردووە.

جێگەی باسە کە زێهنییەتی دژە یارسانی تەنیا گرێدراوی گرووپی تیرۆریستی داعش نییە و حکومەتە سەردەستەکانی کوردستانیش هەموو کاتێک بەنێوی ئایینەوە گەورەترین هێرشەکانیان کردووەتە سەر کوردانی یارسانی و هەموو پێکهاتە ئایینیە جیاوازەکانی کوردستان وەک ئێزدی و زەردەشتی و کۆمەڵکووژیان کردوون.

بێ گومان هێرشی داعش بۆ سەر گەلی کوردی ئێزدی لە شنگال و کۆمەڵکووژ کردن و دەستدرێژی کردنی سەر ژنان و کچانی ئێزدی لە ۳ی ٨ی ۲۰۱٤ی زایینی و کیمیابارانی گووندی “زەردە” لە نیزیک سەرپێڵ زەهاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی شەری ئێران و عێراقدا لەدوای ئاگربڕی نێوانیان لەساڵی ۱۳٦۷ی هەتاوی و هەروەها گرتن و لەسێدارەدانی دەیان کەسی پەیڕەو ئاینی یارسان چەند نمونەێیکی بچوکی قڕکردنی ئەو چینە ئایینە کۆنەی کوردەوارییە .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان