بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، “سووسەن ئیسماعیل نژاد” ۲۹ساڵە ۆ خەڵکی شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتژمێر ۱۲ی شەوی ۲۳ی پووشپەڕی ۱۳۹۳ی هەتاوی لە دوای داخستنی دووکانەکەی و گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، لەلایەن کەسانێکەوە تێزاوی پێدادەکرێت و بەو هۆیەوە زیاتر لە ۳۰%ی لەشی لە پشتی و دەستی ڕاستییەوە دەسووتێت و تەنانەت بەهۆی قوڵبوونی ئاستی سووتانەکەی، یەکێک لە پەلاسووەکانیشی خەساری بەرکەوتووە و ڕەش هەڵگەراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە kmmkی ڕاگەیاند کە ئەوە لەکاتێکدایە کە هەر لەماوەی ۲٤کاتژمێر دا لە هەمان بەروار، هاوکات ۵ ژنی دیکەش هەر لەشاری بۆکان، تووشی ڕووداوی هاوشێوە بوونەتەوە و تێزاویان پێداکراوە.
“سوسەن ئیسماعیل نژاد” دەتوانی لەکاتی تێزاو پڕژاندنەکەدا، تاوانبارەکەی ببینێت کە سواری ماشێنێکی پەیکان دەبێ و هەڵدێت و دواتر لە دادگاش دەیناسێتەوە.
دوای دەستبەسەرکردنی ناوبراو، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، تاوانبار دان بە تاوانەکەی دادەنێت و هەروەها لە ماڵی تاوانباریش دا بڕێک مادەی تێزاو لەلایەن هێزی ئینتیزامی دەستی بەسەردادەگیرێ. لە تاقیکردنەوە پزیشکییەکانیش دا دەردەکەوێت کە جۆری تێزاوی سەر لەشی سووسەن و ئەوەی بەسەر پێڵاوی تاوانبار داڕژاوە و هەروەها ئەو بڕە تێزاوەی لەماڵی تاوانباردا دەستی بەسەر داگیراوە، یەک جۆرن کە تاوانبار بوونی دەسەلمێنێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی کرد کە یەکەم دادگای تاوانبار لەدوای ۲۱مانگ و لەڕۆژی ۲۳ی خاکەلێوەی ۱۳۹٥ لە لقی ۲ی سزادانی دادگای شاری بۆکان بە سەرۆکایەتی دادوەر “بیشەک” بەڕێوە چوو و لەوپەڕیع نابەواڕیدا لە ڕۆژی ۲۹ی خاکەلێوەی ۱۳۹٥ دا سەرەڕای هەموو بەڵگە سەلمێنەرەکان، حووکمی ئازادی تاوانبار دەردەکات و کۆمەڵێک پاساو و پاکانە دێنێتەوە کە جێگای سەرنج و بەو شێوەیەی خوارەوەن:
۱ـ تاوانباربوونی ناوبراو تەنیا گریمانەیە و تەنانەت گومانیش نییە.
۲ـ دانپێدانانی ناوبرا لەبەردەمیه دادگا نەبووە و لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەلایەن هێزی ئینتیزامی و لەژێر شکەنجە و کۆمەڵێک بەڵێن دا کراوە.
۳ـ بوونی هەمان تێزاو لەماڵی ناوبراو و کڕینی حەپە ئارام کەرەوەکان لە دەواخانەیەک شتێکی ئاساییە.
٤ـ لە کامێراکانی سەر شەقام دمووچاوی تاوانبار ناڕوونە.
۵ـ قسەکانی تاوانلێکراو “سووسەن ئیسماعیل نژاد” کە دەڵێ تاوانبارم بینیوە کە سواری ماشێنێکی جۆری پەیکان بووە و لەبەر ئەوەی تاوانبار ماشێنی پەیکانی نییە، ناتوانێت وەک بەڵگەی تاوان ببینرێت.
٦ـ تاوانبار دەڵێ هەتا کاتژمێر ۱۲ی شەو لە سەنتەرێکی لەشجوانی بووە و ئەو تاوانە چەند خولەکێک زووتر ئەنجامدراوە.
هەربۆیە بە پێی مادەی ۳۷ی یاسای بنەڕەتی وڵات و مادە پەیوەندیدارەکانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران، تاوانبار بەبێ تاوان دەزانێ و حوکم بە ئازادکردنی دەدات.
سووسەن ئیسماعیل نژاد لەڕۆژی ۲٨ی بانەمەڕی ۱۳۹٥ی هەتاوی تانە لە بڕیاری دادگای بۆکان دەدات و دۆسیەکەی ڕەوانەی لقی ۱ی دادگای تێهەڵچوونەوەی شاری ورمێ، دەکرێت.
هەر ئەو سەرچاوەیە بە kmmmی ڕاگەیاند کە هەتا ئێستا لقی ۱ی دادگای تێهەڵچوونەوەی ورمێ لەدوای ۲جار بانگهێشت کردن لە بەروارەکانی ۲٨ی ڕەزبەری ۱۳۹٥ و ۱٨ی پووشپەڕی ۱۳۹٦دا و لەدوای تێپەڕبوونی ۳ساڵ بەسەر ئەو تاوانە قێزەونە کە سەرەڕای لەناوبردنی بەشێک لەجوانی جەستە و هەروەها درووستبوونی چەندین کێشەی دەروونی و ترسێک کە دەست لە قوربانی هەڵناگرێت، هەرجارە و بە بیانوویەکی بێ بنەما، چارەنووسی ئەو دۆسیەیان بە ناڕوونی هێشتووەتەوە و دادگا خۆی دەبوێرێت لە سزادانی تاوانبار و قەرەبوو کردنەوەی مادی و مەعنەوی کەسی قوربانی.
خاڵەکانی ۱۰،۷،۳ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ کە باس لە مافی ژیان و پاراستنی ئازادی تاک و بەرامبەری هەر تاکێک لە بەرامبەر یاسادا بە بێ هەموو جۆرەکانی جیاوازی و هەڵاواردن و هەروەها مافی تاک بۆ کەڵک وەرگرتن لە دادگای بێ لایەن و دادگاییکردنی ئاشکرا دا دەکات.
شایانی باسە کە هەڵسووکەوتی دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ داڵدەدانی تاوانبارانی تێزاو پڕژاندن نەتەنیا پێشێل کردنی جارنامەی گەردوونی مافی مرۆڤە و پێشێلی مافەکانی تاک بۆ بەدەستهێنانی دادگایەکی عادیلانە دەکات، بەڵکوو وایکردووە کە سەرەڕای بێ باوەڕکردنی تاک لە بەدواداچوونی مافەکانیان لەڕێگەی یاساییەوە، تاوانباران هان بدات کە بە خەیاڵێکی ئاسوودەترەوە پەلاماری ژنان بدەن و ئازاد کردنی تاوانباران، ژیانی ژنانی دیکەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەخاتە مەترسییەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان