گیراوێکی کورد ۳ ساڵە لە مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە زیندان بێ بەشە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەناوەندی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و هەروەها پشتبەستوو بە هەواڵنێری هــــرانا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لە ڕۆژهڵاتی کوردستان، لە پاش ۳ساڵ ڕاگرتنی لە گرتووخانە، هەتا ئێستاش لە مافی چوونەدەرێ بێبەشکراوە.

“ئومید دەبباغچی موکری” کارناسی بەشی کامپیوتێر، لە ڕۆژی ۱۷ی بانەمەڕی ۱۳۹٤ی هەتاوی لەلایەن ئیتلاعاتی سەربە شاری مەهابادەوە بە تۆمەتی بەشداری کردن لە ناڕەزاییەتێکانی بەردەم میوانخانەی “تارا” کە بۆ مردنی گوماناوی کچێکی کورد بەنێوی”فەریناز خوسرەوانی” ڕێکخسترابوو، لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە.
ناوبراو لە سەرەتاکانی پووشپەڕی ۱۳۹٤ی هەتاوی لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تاوانی پەیوەندی بە یەکێک لە پارتە کوردییە ئوپۆزیسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ٤ساڵ زیندان سزادرا و لەوکاتەوە هەتا ئێستا ڕێگەی پێنەدراوە بە مەبەستی سەردانی کردنی بنەماڵەکەی لە گرتووخانە بێتە دەرێ.

شایانی باسە کە بەپێی یاساکانی گرتووخانە لە کۆماری ئیسلامی ئێران، هەموو گیراوێک لە مانگ دا مافی هەیە بۆ ٥ ڕۆژ سەردانی بنەماڵەکەی بکات و پاشان بگەڕێتەوە گرتووخانە.

ئەو مافە بەهیچ جۆرێک گیراوانی سیاسی و ئەمنییەتی ناگرێتەوە لەکاتێکدا کە یاساکە بۆ هەمووانە. بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات بە حەزی خۆی ڕێگری دەکات لە هاتنە دەرەوەی مەرجداری زیندانیانی سیاسی و چالاکانی سڤیل لە هەموو ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان