بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان،ڕۆژی پێنج شەممە یەکی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی،کاسبکارێکی کورد بەناوی “موراد عەرەبی” ۳۲ساڵ تەمەن، کوڕی تاجەدین وخەڵکی گوندی ئەبنە سەربە ناوچەی “تەرگەوەر”ی ورمێ، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کەوتە بەرتەقەی ڕاستەوخۆی فیشەک وگیانی لەدەستدا.
ئەم کاسبکارە کوردە خێزاندارە و خاوەنی ۳منداڵ(دوو کچ وکوڕێک)ه، کەدوێنێ لەناوچەی “کەندالۆکە” هەڵکەوتوو لەناوبەری سنووری ئێران وتورکیا، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەتەقەی ڕاستەوخۆ گیانی لەدەستدا.
جێگەی تێڕامانە وهەرلەم پێوەندییەدا و لەچەند ڕۆژی ڕابردوو ئاماری جۆراوجۆر لەکوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ گەیشتووە کەپێویستە ئاماژەی پێ بکرێت.
ڕێکەوتی ۱۳۹۶/۳/۲۵ی جۆزەردان کوژرانی کۆڵبەری کورد “سیروان عەزیزی”خەڵکی سەردەشت و لە ڕێکەوتی۱۳۹۶/۳/۲۶ برینداربوونی گرانی کۆڵبەری کورد “ئەنووشیروان ڕەزایی”خەڵکی مەریوان بەهۆی تەقینەوەی مین و هەروەها ۱۳۹۶/۳/۲۹ برینداربوونی گرانی کۆڵبەری کورد “موراد حاجی زادە” خەڵکی سەڵماس، پاش ڕاوەدوونان لەلایەن هێزە حکوومییەکانەوە، و لە ڕێکەوتی۱۳۹۶/۳/۳۱ کوژرانی کۆڵبەری کورد “محەممەد مەسایلی فەرد” خەڵکی سەردەشت، و برینداربوونی دوو کۆڵبەری دیکە وهەروەها دوێنێ ۱۳۹۶/٤/۱ کەئاماژەی پێکرا کۆڵبەری کورد “محەممەد عەرەبی”خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژرا.
ئاماری کوژران و برینداربوونی ئەم کەسانە تایبەت بەچەند ڕۆژی ڕابردووە ولەماوەی ساڵی ڕابردوو و ئەوساڵ ئامارەکان باس لە کوژران وبرینداربوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، کە سەرەڕای هەبوونی نارەزایەتی ناوخۆیی ونێودەوڵەتی، کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ چەشنە بایەخێک بە خواست و گوشارەکانی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ نادات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان