کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەوێ وڵاتانی دیکەش بەپێی خواست و یاساکانی ئەوان بەڕێوە بچێت

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە میانەی سەردانیکردنی سەرۆک وەزیران عێراق(حیدر العیبادی) بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک کۆمار و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژی ۳شەممە ۳۰ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ی هەتاوی، بە ئاشکرا بە ناوبراویان ڕاگەیاند کە بە هەموو جۆرێک دژی ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستانن و هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە دەست لە سنوورەکانی عێراق وەربدات و کەس مافی جیابوونەوەی لە عێراق نییە. هەروەها ئێمە لەگەڵ یەکپارچەیی تەواوی خاکی عێراق داین و هەر هەوڵێک بۆ جیابوونەوە بە دژایەتی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆمان دەزانین و لەکەسی قەبووڵ ناکەین.

هەروەها بەپێی دەنگی ئامریکا سەرۆکی شوڕای لێهاتووانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە (مەجلیسی خبرگان) ناسراوە لە لێدوانێکی دا لە هەمان ڕۆژدا ڕایگەیاندووە کە بەپێی دەقە ئیسلامییەکان و هەروەها وتەکانی ئیمام عەلی لە کتێبی “نەهجولبەلاغە” و هەروەها یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خاڵەکانی(٥ و ٦ و ۷)، خەڵک لە ئێران دا هیچ جۆرە مافێکی لە هەڵبژارتن و ڕادەربڕین، بڕیار دان و ئەنجامدانی هیچ کردەوەیەکی لە بەڕێوەبەری وڵات دا نییە و تەنیا وەلی فەقێ و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی مافی تەواوی لە هەرجۆرە بڕیاردانێک دا هەیە.

شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی ئێران، چۆن لەناوخۆ دا بچووکترین ڕێز بۆ گەلانی ئێران دانانێت و ڕێگری دەکات لە هەموو چەشنە ئازادی و مافە ئینسانییەکان، دەیهەوی بە هەمان شێوە لە وڵاتانی دیکەش هیچ کەسێک مافی ڕادەربڕین و دیاری کردنی چارەنووسی خۆی نەبێت، بەڵکوو چەندی و چۆنی مافەکانیان لە لایەن ویلایەتی فەقێی ئێرانی کە خۆی بە ڕێبەری دینی موسوڵمانان دەزانێت دیاری بکردرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان