بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و هەروەها بەگوێرەی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ۲٦ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ی هەتاوی نیزیک کاتژمێر ۱۰ی شەوێ، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گووندی “زەعفەران”ی سەر بەشاری سەرپێڵ زەهاو لە پارێزگای کرماشانیان تۆپباران کردووە و خەسارێکی زۆریان بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.
جێی وەبیر هێنانەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەبیانووی جیاجیا پەڵاماری هاووڵاتیانی کورد دەدات و بە هێرشکردنە سەر ماڵی کوردان، گرتن، هەڕەشە، سەرکوت و تۆقاندن لە حەولی ئەمنییەتی کردنی هەرچی زیاتری کوردستانە و لەدوای هێرشی ئیسلامییە جیهادییەکانی داعش بۆسەر تاران، ژمارەی گرتن و ڕاوەدوونانی خەڵکی سڤیل و کەمینە ئایینییە جیاوازەکان، زیادی کردووە.
کۆماری ئیسلامی لەو قۆناغەدا لە حەولی ئاژاوەنانەوە لەنێوان خەڵکە جیاوازەکانی ناوخۆی ئێران دایە و سەرەڕای ئەمنییەتی کردنی زیاتری شارە کوردییەکان و هەڕەشە لێکردن و گرتنی خەڵک، ناوچەکانیشیان تۆپباران دەکات و هەر ئەوەش بۆتە هۆی سووتانی ناوچەیەکی بەرفراوانی دارستان و لەوەڕگاکان و لەناوبردنی بەشی چاندنی کۆمەڵگا و هەروەها مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لەسەر ژینگە و سرووشتی کوردستان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


