دەستبەسەری گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی یەک‌شەممە ۲۱ جۆزەردانی ۱۳۹٦ کاتژمێر ۱۰ بەیانی ، لە درێژەی ڕەشبگیری خەڵکی سڤیل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاش هێرشەکانی سەر تاران ، لە گەڕەکی “مەنسوور‌ئاغایی” لە بە شارۆچکەی شاهۆ لە دەڤەری شاری ڕوانسەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  خۆشک و برایەک بە ناوەکانی “لۆقمان بەهرامی” تەمەن ۲۷ ساڵ و فەریبا بەهرامی ۳۲ ساڵ کوڕی و کچی “شاناز” و “حاجی حۆسەین” دەکەونە بەر پەلاماری هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی دەستبەسەر کردن کە لۆقمان پاش دەستبەسەری لە دەستی هێزەکان هەڵدێت و خۆی دەرباز دەکات و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە .

بەڵام خۆشکەکەی “فەریبا بەهرامی ” لە شاری جوانڕۆ دەستبەسەر دەکرێت و بۆ شوێنێکی نادیار ڕەوانە دەکرێت . بە پێی سەرچاوەی هەواڵ هاوسەری “فەریبا بەهرامی” دەستبەسەر کراوە بەڵام لە شوێن و کاتی دەستبەسەریەکی تا ئێستا هیچ زانیاریەک لە بەر دەستا نیە.

شایانی باسە کە پاش هێرشی چەند کەسێک بۆ تاران و ئەنجامی تەقە و تەقینەوەی گۆری خومەینی بە بیانوی کورد بوونی ئەو هێرشبەرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەشبگیری و هێرشێکی بەرفراوان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا پتر لە ۷۰ کەس دەستبەسەر کراون کە کۆماری ئیسلامی ڕێژەی دەستبەسەرکراوانی ٤۱ کەس ڕاگەیاندوە و ئامادە نەبوە هیچ زانیارییەک بە بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان بدات .

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان