مەترسی دیپورتکردنەوەی “ئەنوەر مورادی زەڕ” لە لایەن وڵاتی ئاڵمانەوە بۆ ئێران

مەترسی دیپورتکردنەوەی “ئەنوەر مورادی زەڕ” لە لایەن وڵاتی ئاڵمانەوە بۆ ئێران
بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن حیزبی کۆمەنیستی ئێرانەوە بڵاو بوەتەوە و بەڵگەێیکیشی بۆ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ناردوە ، هاووڵاتی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی” ئەنوەر مورادی زەڕ” کە ئەندامی حیزبی کۆمەنیستی ئێران بوە و ماوەی چەند ساڵ لە باشوری کوردستان لەو حیزبەدا چالاکی کردوە و لە شێڵاوی هاتنی پەنابەراندا بۆ ئوروپا ڕووی لە وڵاتی ئیتالیا کردوە بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتی ئاڵمان ، بەڵام هەر لە ئیتالیا بە زۆرە ملێ پەنجەمۆری پێدەکرێت و سەرەڕای ئەوەش خۆی دەگەێینێتە ئاڵمانیا .
لە دوای دەرکەوتنی پەنجەمۆرەکەی وڵاتی ئاڵمانیا بڕیاری گەڕانەوەی “ئەنوەر” دەدات بۆ وڵاتی ئیتالیا ، بەڵام ئەنوەر مورادی زەڕ ئەم بڕیارەی دادگای ئاڵمان ڕەد دەکاتەوە جەخت و پێداگری و داخوازی پەنابەری لە وڵاتی ئاڵمان دەبێت ، کەچی وڵاتی ئاڵمان لە دوای پێداچونەوە بە کەیسەکەیدا ، ماوەی ۲۰ ڕۆژ مۆڵەت بۆ ئەنوەر دادەنێت کە ڕادەستی ئێران بکرێتەوە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بەپێی ئەو ئەزمونانەی کە پێشتر ئەندامانی حیزبە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستانی و ئێرانی ، لە دوای ڕادەستکردنەوەیان بۆ ئێران توشی زیندان و ئەشکەنجە و تەنانەت مەرگیش بونەتەوە ، داواکارە لە ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکانی ئاڵمان و ناوەندە بەرپرسەکانی کاروباری پەنابەران ،ڕێگەنەدەن ئەم هاووڵاتییە ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران بکرێتەوە و چارەنوس و ژیانی بکەوێتە مەترسیەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان