نابەرپرسیاری کاربەدەستانی شارەوانی شاری بۆکان لە مەڕ پاراستنی ژینگە

بە پێی ڕاپۆرتگەلی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ؛چالاکانی ژینگەپارێز لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، ناڕەزایی خۆیان دژ بە بڕیار و کرداری سیاسەتە چەوتەکانی شارەوانی ئەو شارە لە مەڕ ژینگەدا پیشاندا. داگیرکردن و وێران کردنی نایاسایی پارکی “قەڵا” بوە بە هۆی نیگەرانی خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز لەو شارەدا.

جێگای ئاماژەیە کە شارەوانی بۆکان بە نامەیەکی فەرمی بە ژمارەی ۲۲۹۰ لە ڕێکەوتی ۱۳۹۶/۲/۲ فەرمانی دەستداگرتن بە سەر ئەو پارکەدا دەردەکات ، مخابن  لەو پەڕی نا‌باوەڕیدا پاش چەند ڕۆژ سەرەڕای دژایەتی کۆمیسیۆنی پارێزگا لە گەڵ گۆڕانی شێوەی کەڵک لێوەرگرتنی لە زەوی ئەو پارکە ، بەڵام دیسان دەستیانکردوە بە وێرانکردن و لەناوبردنی ئەو پارکە .

لە مەڕ ئەم مژارە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێز لە شێوازی هەڵوێستگەلی جۆراوجۆر کە گۆڕانکاری بەسەردا دێت سەریان سووڕماوە و دەڵێن ؛ کە سەرەڕای ئەو شارەوانی دەبێت دابینکەر و پارێزەری شینای ناوشارەکان بێت ، بۆ چی لە بڕیار دژی وێرانکەرانی ژینگە (بڕینی درەختەکان و وێرانکردنی پارکەکان ) بێ هەڵوێست و بە چەشنێک ئاسانکاری دەکات .

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە ، کە شارەوانی و بەرپرسانی ئیدارەی شاری بۆکان نە تەنێ هیچ بایەخێکی بە ژینگە نەداوە و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گەلدا هیچ هەنگاوێکی هەڵ نەهێناوە ، بەڵکوو هەڕەشەی لەچالاکانی ژینگە پارێزیش کردوە کە لە درێژەدان بە ناڕەزاییەکانیان دەست‌هەڵگرن .

بە بەڵگە وەرگرتنی ئەو شێوازی هەڵسووکەوتانە کە دژی مافی مرۆڤن و لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دەدرێن ، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان نگەرانی خۆی دەردەبڕێت و داخوازی بایەخێکی زۆرترە بە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لە پەیوەندی لە مەڕ پاراستنی ژینگە و ژینگە پارێزیدا.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان