خۆسوتاندنی دو ژن لە دیواندەرە لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ۲ ژنی خەڵکی دیواندەرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاگریان لە جەستەیان بەرداوە و بەو هۆیە وە بەشێکی جەستەیان سووتاوە.

بە پێی هەواڵەکە، ڕۆژی شەممە ۲۳ی بانەمەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی، ژنێکی ۳۰ ساڵە بەنێوی “ش ـ ب” خەڵکی ئاوایی “کۆسەمەری” سەر بەناوچەی “ساڕاڵ”ی دیواندەرە، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی، ئاگری بەردایە جەستەی و لە ئەنجامدا ٦۰%ی لەشی سووتاوە و بەهۆی گرانی سووتانەکەیەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەیەک لە شاری ئیسفەهان لە ناوەڕاستی ئێران کراوە.

هەروەها لەشەوی ۲٨ لەسەر ۲۹ی ئەو مانگە، لە ڕووداوێکی هاوشێوە دا، ژنێکی ۲٥ ساڵە بەنێوی”ب ـ م” خەڵکی ئاوایی”گوڵانە”سەر بە شاری دیواندەرە، خۆی سووتاند و بەهۆیەوە ۲۰%ی جەستەی سووتاوە و بۆ تیمار کردن، ڕەوانەی شاری سنە کرا.

دیاردەی خۆکوشتن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت لە نێو ژنان دا ڕۆژانە ڕووی لە هەڵکشانە و زۆربەی ئەو خۆکوشتنانە بە هۆی زەختە ڕۆحی و ڕەوانییەکانی کۆمەڵگا و یاسا لەسەر ژنان و هەڵاواردنی ڕەگەزی  لەلایەن سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە وە، ڕوو دەدەن.

لە کاتێکدا بە پێی هەموو بنەما ئینسانی و ئەخلاقی و مافی مرۆڤییەکان، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاو دا بوونی نییە و ئەوەش لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ دا بە ڕوونی ئاماژەی پێکراوە و بە پێی خاڵەکانی ۱ و ۲ ی ئەو جاڕنامەیە: تەواوی مرۆڤەکان بە ئازادی لە دایک دەبن و لەهموو ماف و کەرامەتێک وەکوو یەکن و مافی تەواوی ئازادییە دیاری کراوەکانی لەو جاڕنامەیەیان هەیە.  هەروەها خاڵی ۱٥ی جاڕنامەی ۱۹٦٨ی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە تاران، هەموو جۆرە هەڵاواردنیێکی ڕەگەزی ڕەت دەکاتەوە و دیاری دەکات کە “هەموو جۆرە هەڵاواردنێک کە دەبێتە هۆی قوربانی بوونی ژنان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان، دەبێت لە ناو ببردرێت.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان